سەردێڕ:

هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو؛ بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەستیان بەسەر مووچەدا گرتووە

PM:09:44:08/10/2024

2328 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم، هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو دەستی بەسەر ئەو پارەیەدا گرتووە کە لەلایەن بەغداوە بۆ مووچەی مانگی نۆی مووچەخۆرانی هەرێم نێردراوە، بە پێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش، بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بە هاوبەشی بڕیاریان داوە کە دابەشکردنی مووچە بۆ چەند رۆژێک پێش هەڵبژاردن دوا بخەن.


بەغدا زیاتر لە ترلیۆنێک دیناری بۆ مووچەی مانگی نۆ رەوانەی هەرێم کردووە، بەڵام هاوشێوەی مانگی رابردوو، لەلایەن حکومەتەکەی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانییەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

هاوکات، چاوگێک لە وەزارەتى دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەغدا بڕی ٤١٢ ملیار دیناری دیکەی بۆ مووچەی مانگی نۆ رەوانەى هەرێم کردووە، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، ئەو پارەیەی رەوانە کراوە بڕەکەى ٣٢٩ ملیار دینارە، بەو پێیەش بێت ٨٣ ملیار دینار لەو نێوەندەدا دیار نییە.

پێشتر وەزارەتى دارایی حکومەتى کاربەڕێکەر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەغدا بڕى ٥٩٨ ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی نۆ رەوانە کردووە، واتە بەغدا بەم ٤١٢ ملیار دینارەوە، بڕى ترلیۆنێک و ١٠ ملیار دیناری ناردووە، کەچى حکومەتى کاربەڕێکەر داواى ٣٠٥ ملیار دینارى دیکە لە بەغدا دەکات بۆ دابەشکردنى مووچەى مانگى نۆ، بەڵام بەپێی زانیارییەکانى ئێن ئاڕ تى، بە بڕیاری بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، حکومەتى کاربەڕێکەر بە نیازە دابەشکردنى مووچە دوا بخات بۆ چەند رۆژێک پیش هەڵبژاردن، تا وەکو بانگەشەى هەڵبژاردن بەکاری بهێنن.

جیا لە پارەکەی بەغدا، حکومەتی کاربەڕێکەر داهاتی ناوخۆشى لەبەر دەستدایە کە مانگانە بە ٤٥٢ ملیار دینار دەخەمڵێنرێت و بۆ نۆ مانگی رابردوو دەکاتە زیاتر لە چوار ترلیۆن دینار، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر ئامادە نییە یەک دینارى لێ بدات بە مووچە و بەشى زۆرى ئەو داهاتە خراوەتە خزمەتى هەردوو بنەماڵەى بارزانى و تاڵەبانى بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن.













گەلەری