سەردێڕ:

دوای زریانی هێلین؛ زریانێکی دیکە کە بە زریانی سەدە ناسراوە دەگاتە ئەمریکا

PM:09:09:08/10/2024

2896 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی لە شەوی ٢٦ـی مانگی رابردوو زریانی هێلین گەیشتە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا و بەهۆیەوە نزیکەی ٢٣٠ کەس گیانیان لەدەستدا، لە ئێستادا سەنتەری زریانی نیشتمانیی ئەمریکا هۆشداری لە هاتنی زریانێکی دیکە دەدات کە بە "زریانی سەدە" ناسراوە و لە زریانی هێلین بەهێزترە.


بە گوێرەی راگەیەنراوەکەی سەنتەری زریانی نیشتمانیی ئەمریکا، زریانێکی بەهێز بەناوی زریانی میڵتن شەوی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە دەگاتە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا و چاوەڕوانیش دەکرێت زەرەر و زیانەکانی لە زریانی هێلین زۆر زیاتر بێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، پێشبینی دەکەن خێرایی با بگاتە زیاتر لە ٣٢٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، ئاستی ئاو بۆ زیاتر لە چوار مەتر بەرز ببێتەوە، زریانەکەش لە سەرەتادا دەگاتە شاری تامپا، کە ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاترە لە سێ ملیۆن کەس و دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی سەرجەمیان.

ئەوەش خراوەتە روو، زریانەکە دەبێتە بەهێزترین زریانی ١٠٠ ساڵی رابردوو لە ناوچەکەدا، پێشبینی دەکەن ماوەی رۆژێک بەردەوام بێت و رۆژئاوا و ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ویلایەتی فلۆریدا بگرێتەوە.

لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی ویلایەتەکە هاوڵاتیانیان ئاگادار کردووەتەوە کە خۆیان بۆ کاتی گەیشتنی زریانەکە ئامادە بکەن و ئەو ناوچانە بەجێ بهێڵن کە لەسەر رێڕەوی زریانەکەن، چەندین پەناگەی گەورەش لە سەرتاسەری ویلایەتەکەدا بۆ ئەو کەسانە ئامادە کراون کە ماڵەکانیان بەجێ دەهێڵن، تا خۆیان لە زیانەکانی زریانەکە بپارێزن.

زریانەکان چۆن دروست دەبن؟

له‌ ئه‌نجامی تێپه‌ڕبوونی ته‌وژمی هه‌وای سارد به‌سه‌ر زه‌ریا گه‌رمه‌كاندا زریان دروست ده‌بێت، دوای ئه‌وه‌ی هه‌وا سارده‌كه‌ كه‌مێك گه‌رمی له‌ زه‌ریاوه‌ وه‌رده‌گرێت، به‌ره‌و ئاسمان به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و ناوچه‌یه‌كی په‌ستانی هه‌وای نزم به‌ دوای خۆیدا دروست دەکات، پاشان په‌ستانی هه‌وای به‌رزی ده‌ورووبه‌ری ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌ خێرایی دێت به‌ره‌و ناوچه‌ په‌ستان نزمه‌كه‌، بەو‌جۆرەش ته‌وژمی هه‌وا سارده‌كه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی په‌ستان نزمه‌وه‌ بۆ ناوچه‌یه‌كی په‌ستان نزمی تر ده‌چێت و ده‌ست ده‌كات به‌ سوڕانه‌وه‌ له‌ نێوان ئه‌و ناوچانه‌دا.













گەلەری