سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید: دەنگدان تاکە رێگەیە بۆ رزگاربوونی هاوڵاتیان لە پارتی و یەکێتی

PM:06:31:07/10/2024

2388 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە دیبەیتێکدا لەگەڵ چەند رۆژنامەنووسێک رایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە یەکەم هەڵبژاردنە لەژێر دەسەڵاتی کۆمسیۆنەکەی پارتی و یەکێتی نییە و یەکەم هەڵبژاردنە بە زۆر بە یەکێتی و پارتی ئەنجام دەدرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاودێری دەکات.


شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی و یەکێتی خراپەکاریی نەماوە بەرامبەر بە هاوڵاتیان نەیکەن، ئەگەر هاوڵاتیان دەیانەوێت رزگاریان بێت ئەوا پێویستە بەشداری هەڵبژاردن بکەن، هاوڵاتیان دەزانن هەڵوێستی نەوەی نوێ چۆنە و بە ئەزموون سەلماندویانە لەگەل خەڵکدان و نەوەی نوێ هەرگیز هەڵەی لایەنەکانی تر دووبارە ناکاتەوە.

راشیگەیاند، "هاوڵاتیان بەشداریی بکەن و دەنگ بدەنە نەوەی نوێ، بە دڵنیاییەوە حکومەت دەگرینە دەست، نەهێشتنی بێکاریی گەنجان یەکەم کارمان دەبێت و لە رێگەی بوژانەوەی سێکتەرەکانەوە هەلی کار و دامەزراندن بۆ هاوڵاتیان دەڕەخسێنین، قەرزی بچووک دەدەین بەو کەسانەی خاوەن بیرۆکەی کارن".

باسی لەوەش کرد، بەڵێنەکانی نەوەی نوێ بەشێکی پەیوەستە بەوەی هێزی یەکەم بن و حکومەت بگرنە دەست بە بەشداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردن و سەرخستنی نەوەی نوێ تەواوی بەڵێنەکانیان جێبەجێ دەکەن، لە هەرێم و بەغدا داوایان لێکرا بەشداری حکومەت بکەن بەڵام رەتیان کردەوە، نەوەی نوێ ئامادە نەبوو لە پەرلەمانێکی نایاسایی دابنیشێت و پەرلەمانتارەکانیشیان خانەنشینییان رەتکردەوە، نەوەی نوێ بەشداری چەندین هەڵبژاردنی کردووە و پلە و پۆستی رەت کردووەتەوە.

شاسوار عەبدولواحید وتیشی، "ئەگەر هاوڵاتیان دەیانەوێت یەکێتی و پارتی نەمێنن پێویستە هاوڵاتیانی ناڕازی دەنگ بدەن بە نەوەی نوێ، بە دڵنیاییەوە لەم هەڵبژاردنەدا نەوەی نوێ ژمارەی دەنگەکانی زۆر زیاتر دەبێت و هەر لە سەرەتاوە هەڵگری دروشمی لابردن و جێگرتنەوەی پارتی و یەکێتی بووین".

لەبارەی هێزە ئەمنییەکانیشەوە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەوەی خستە روو، هێزە ئەمنییەکان هەموویان سەر بە پارتی و یەکێتی نین و بەشێکی زۆریان دژی دەسەڵاتن، لە هەڵبژاردنی پێشوو لە کۆی ٣٨٠ هەزار هێزی ئەمنی پارتی و یەکێتی، تەنها ٨٠ هەزار دەنگیان هێناوە، پارتی و یەکێتی لاواز بوون و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەریان گۆڕاوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەهەموو هەڵبژاردنێک پارتی و یەکێتی شەڕێکی میدیایی ساختە دروست دەکەن، بەڵام پارتی و یەکێتی ئەگەر دەنگ بهێنن لە دوای هەڵبژاردن دەست دەخەنە ناو دەستی یەکتر و پۆستەکان دابەش دەکەنەوە.

شاسوار عەبدولواحید راشیگەیاند، بەهۆی جەلالی و مەلاییەوە ٦٠ ساڵە کورد پەرتپەرت بووە و نەحەساوەتەوە، ئەگەر پارتی و یەکێتی بمێننەوە مووچە نامێنێت و بارودۆخ زۆر خراپتر دەبێت.

وتیشی، "بافڵ تاڵەبانی کەی توانی کێشەکانی ناو خێزانەکەی چارەسەر بکات ئەوکات دەتوانێت کێشەی خەڵک چارەسەر بکات، شەش ساڵە براکەی سەرۆکی یەکێتی جێگری سەرۆکی حکومەتە ئەگەر دیسانەوە دەربچێتەوە چی پێ دەکرێت؟ شەش ساڵە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتە چی پێ کراوە؟".

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەش کرد، ماڵی بارزانی و تاڵەبانی رێککەوتوون و داهاتی هەرێم لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن، ئەو باج و داهاتەی دەچێتە گیرفانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی.

ئەوەشی خستە روو، پارتی و یەکێتی هەرچیان وت و بەڵێنی هەرچیاندا درۆ دەکەن، دەسەڵاتێک منداڵ و کاسبکار بکوژێت من چۆن رێزی لێبگرم و قسەی زبر لەدژی نەکەم؟

لە کۆتایشدا شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، " وەکو نەوەی نوێ تەنها لە خودا و خەڵک نزیکین، ئەگەر دەسەڵات بگرینە دەست، باج لەسەر هاوڵاتی کەم دەکەینەوە و لە قەرزەکانیان خۆشدەبین، لەگەڵ بەغدا رێکدەکەوین بۆ تەوتین و چارەسەرکردنی مووچە، خزمەتی سەرجەم شارەکان دەکەین و پڕۆژەمان بۆ گەنج دەبێت و هەرگیز کارێک ناکەین متمانەی هاوڵاتیان بدۆڕێنین".













گەلەری