سەردێڕ:

کام خواردنەوانە دەبنە هۆی جەڵتەی مێشک؟

PM:05:25:05/10/2024

3948 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەکی نوێ مەترسییەکانی زیادەڕۆیی کردنی خواردنەوەی زۆرێک لە خواردنەوە باوەکان ئاشکرا دەکات کە هەندێک کەس رۆژانە دەیخۆنەوە و دەبنە هۆی جەڵتەی مێشک.


توێژینەوەیەکی ئێرلەندی لە گۆڤاری " Newsweek" بڵاو کراوەتەوە کە تیایدا پرۆفیسۆر ئەندرۆ سمیس هۆشداری داوە لە خواردنەوەی بڕێکی زۆری خواردنەوە گازییەکان و شەربەتی میوە و قاوە. دەشڵێت، ئەو خواردنەوانە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشک بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکەن.

جەڵتەی مێشک کاتێک روودەدات، خوێن بەپێی پێویست نەڕوات بۆ مێشک ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی خانەکانی مێشک لە ٨٧٪ـی حاڵەتەکاندا و هۆکارەکەی مەینی خوێنە، ئەوەش دەبێتە جەڵتەی مێشک.

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، خواردنەوە گازییەکان پەیوەندییان بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی مێشکەوە هەیە، ئەم مەترسییە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات ئەگەر کەسێک رۆژانە دوو جار یان زیاتر خواردنەوە گازییەکان بخواتەوە.

هەروەها بۆیان دەرکەوتووە کە خواردنەوەی شەربەتە ئامادە کراوەکان پەیوەندییان بە زیادبوونی ٣٧٪ـی ئەگەری تووشبوون بە خوێنبەربوونی ناو مێشکەوە هەیە، دوو خواردنەوەی لەو جۆرە لە رۆژێکدا ئەو مەترسییە سێ هێندە زیاد دەکات.

سمیس باسی لەوە کرد، هەموو شەربەتە ئامادەکراوەکان وەک یەک دروست نەکراون، شەربەتی میوەی تازە زۆرترین سوودی تەندروستی هەیە بەڵام شەربەتە ئامادەکراوەکان شەکر و مادەی پارێزەر و رەنگی زیانبەخشی لەگەڵدا تێکەڵ دەکرێت کە ئەمەش زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت.

زۆر خواردنەوەی قاوە پەیوەندی بە جەڵتەی مێشکەوە هەیە، خواردنەوەی زیاتر لە چوار کوپ قاوە لە رۆژێکدا مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک بەڕێژەی زیاتر لە یەک لەسەر سێ زیاد دەکات.

بە پێچەوانەوەی خواردنەوەکانی دیکە لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە خواردنەوەی سێ بۆ چوار کوپ چای رەش رۆژانە پەیوەندی بە کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی مێشکەوە هەبووە بەڕێژەی ٢٩٪، هەروەها چای سەوز بەڕێژەی ٢٧٪ مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی مێشکی کەم کردووەتەوە.













گەلەری