وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، شاندەکەیان لە دیمەشق لەگەڵ تەحریر شام گفتوگۆی گواستنەوەی دەسەڵاتیان کرد، هەروەها باسیان لە پێویستی بەرەنگاربوونەوەی گروپە توندڕەوەکان کرد.
ئەمڕۆ هەینی ٢٠ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤، ماتیۆ میللەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، شاندێکی ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی دەستەی تەحریر شام لە دیمەشق کۆبوونەتەوە و باسیان لە گواستنەوەی دەسەڵات کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، شاندەکە باسیان لە چارەنووسی ئۆستن تایسی رۆژنامەنووس
و هاووڵاتییانی دیکەی ئەمەریکی کردووە کە لە سەردەمی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا
ونبوون.
هەر ئەمڕۆ، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە سوریا راگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی
شاندی وڵاتەکەیان لەگەڵ بەرپرسانی دەستەی تەحریر شام لە دیمەشق بڵاوکردەوە و ئاماژەیان
بەوەدا، گفتوگۆیان لەبارەی ئەو بنەمایانە کردووە، کە ئەمەریکا و هاوبەشەکانی لە عەقەبە
لەسەری رێککەوتوون.
دەشڵێت، گفتوگۆیان لەبارەی پشتیوانیکردنی پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر بە
سەرۆکایەتی سورییەکان کردووە، کە لە ئەنجامدا حکومەتێک پێک بهێندرێت ببێتە نوێنەری
گەلی سوریا و رێز لە مافی هەموو سورییەکان بگرێت.