سەردێڕ:

بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە گەڕەکی موسەڵای کەرکوک ١٠ کەس بریندار بوون

AM:10:34:05/10/2024

3876 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراوەوە لە گەڕەکی موسەڵای کەرکوک، ١٠ کەس بریندار بوون، کە شەشیان منداڵن.


عامر نوری وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تەقینەوەیەک لە گەڕەکی موسەڵای شاری کەرکوک و لەبەردەم نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراودا روویدا، کە نزیک بووە لە بنکەی پۆلیسی ئازادییەوە.

باسی لەوەشکرد، تەقینەوەکە بەهۆی بۆمبێکی چێنراوەوە بووە و لە ئێستادا هێزەکانی پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە.

لەوبارەیەوە چاوگێکی باڵا لە پۆلیسی کەرکوک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی تەقینەوەکەوە، ١٠ کەس بریندار بوون، کە شەشیان منداڵن و دوانیشیان خاوەنی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوەکە و هاوسەرەکەین.

لەلایەکی دیکەوە سامان یابە وتەبێژی تەندروستی کەرکوک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تاوەکو ئەم ساتە هیچ برندارێکی ئەو رووداوی تەقینەوەیە نەگەیەنراوەتە نەخۆشخانە.
هۆگر عەدنان- سۆران محەمەد، کەرکوک













گەلەری