سەردێڕ:

کۆمسیۆنی عێراق: دڵنیایی دەدەینە دەنگدەران کەس نازانێت دەنگیان بە کێ داوە

PM:02:13:04/10/2024

2852 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە کۆمسیۆنی عێراق بە ئین ئاڕ تی راگەیاند، هەڵبژاردنی ئەمجارە لەژێر چاودێری چەندان وڵات و رێکخراودا بەڕێوەدەچێت و هیچ کەسێکیش دوای دەنگدان نازانێت دەنگدەر دەنگی بەکێ داوە.


ئەمڕۆ هەینی، نەبەرد عومەر سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە کۆمسیۆنی عێراق بە ئین ئاڕ تی وت، هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەلیکترۆنی دەبێت و هیچ کەسێک ناتوانێت زانیاری هەبێت لەسەر ئەوەی دەنگدەر دەنگی بە کێ داوە.

ئەوەشی خستە روو، بەشێکی زۆری ئامادەکارییەکانی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواو بوون و هەشت رێکخراوی جیهانی و نۆ کونسوڵگەری و ٢١ رێکخراوی ناوخۆ ناویان تۆمارکردووە بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکە.

دوێنێ، سەرۆکی کۆمسیۆنی عێراق رایگەیاند، سەرجەم ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم کۆتایی هاتوون و پەڕەی دەنگدان گەیشتووەتە هەرێم. دەشڵێت، "هەموو کارێک دەکەین تا هەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد بەڕێوەبچێت".

ئەوەشی خستە روو، هەڵبژاردن بە تەواوی لە کاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت و ئامێرەکانی دەنگدان بەشێوەیەک کار دەکەن کە ٢٠ـی مانگ کاتژمێر ٧ـی بەیانی دەکەونە کار و کاتژمێر ٦ـی ئێوارە کاتی کۆتایی هاتنی دەنگدانیش بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەوەستن لەکار و بەهیچ جۆرێک کاتی هەڵبژاردن ناگۆڕدرێت.
باسی لەوەش کرد، ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە هۆکاری دروست کردنی جیاوازی و داوایان لە سەرجەم رێخراو و کۆنسوڵگەری و چاودێران کردووە چاودێری هەڵبژاردن بکەن و کونسوڵگەری نۆ وڵات و هەشت رێکخراو ئامادەییان دەربڕیوە بۆ چاودێری کردن ئەوەش جگە لە چاودێرانی ناوخۆ و چاودێرانی کۆمسیۆن.
راشیگەیاند، هەڵبژاردنی ئەمجارە بە کارتی بایۆمێتری دەبێت و ئەوەش بە هەموو شێوەیەک رێگری دەکات لە دەنگدانی دووبارە و هیچ چانسێکیان نەهێشتۆتەوە بۆ فێڵکردن.













گەلەری