سەردێڕ:

زریانێکی بەهێز تایوانی گرتووەتەوە؛ هەزاران ماڵ چۆڵکراون و سەدان گەشتیش هەڵوەشاونەتەوە

PM:09:28:03/10/2024

1628 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی دوو رۆژە لەسەر یەک، بەهۆی هاتنی زریانێکی بەهێز بۆ باشووری رۆژئاوای تایوان، دەوامی سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە پەروەردەییەکان لە تایوان داخراون و بەپێی ئامارەکانیش، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیش بریندار بوون و بە هەزارانیش ماڵەکانیان چۆڵ کردووە.


میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، ماوەی دوو رۆژە زریانێکی بەهێز گەیشتووەتە دووەم گەورەترین شاری تایوان کە دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە و بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی فریاگوزاریی ناوەندیی تایوانیش، تا ئێستا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیش بریندار بوون، ژمارەیەکیش بێسەروشوێن بوون.

هاوکات، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی تایوان بەهۆی زریانەکەوە تا ئێستا نزیکەی ١٠ هەزار کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە.

زریانەکە کاریگەری لەسەر هێڵی ئاسمانی ناوچەکەش دروست کردووە و بووەتە هۆی راگرتنی سەرجەم گەشتە ناوخۆییەکان و نزیکەی ٢٤٠ گەشتی نێودەوڵەتیش هەڵوەشانەوە.

لە چەند ناوچەیەکیش ژمارەیەک رێگا داڕماون و گرفتی هاتوچۆ دروست بووە، چەندین دار شکاونەتەوە و کارەبای زیاتر لە ١٠٠ هەزار ماڵیش بڕاوە.

هەر لەمڕۆشدا، لە نەخۆشخانەیەکی ناوچەکە ئاگر کەوتەوە، بەڵام بەهۆی زریانەکەوە ئاستەنگی بۆ تیمەکانی فریاگوزاری دروست بوو لەکاتی بەهاناوەچوون و رزگارکردنی ئەو کەسانەی لە نەخۆشخانەکاندا بوون، لە ئەنجامدا نۆ کەس بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستدا.













گەلەری