PM:12:27:03/10/2024
1228 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆکی کۆمسیۆنی عێراق رایگەیاند، سەرجەم ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم کۆتایی هاتوون و پەڕەی دەنگدان گەیشتووەتە هەرێم. دەشڵێت، "هەموو کارێک دەکەین تا هەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد بەڕێوەبچێت".
سەرۆکی کۆمسیۆنی عێراق لە کۆنفرانسێکدا ئاماژەی بەوە کرد، رێکاری تۆکمەیان گرتووەتە بەر تاوەکو هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بەشێوەیەکی ئازاد و پاک بەڕێوەبچێت. دەشڵێت" هیچ چانسێکمان بۆ فێڵکردن نەهێشتووەتەوە".
ئەوەشی خستە روو، هەڵبژاردن بە تەواوی لە کاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت و ئامێرەکانی دەنگدان بەشێوەیەک کار دەکەن کە ٢٠ـی مانگ کاتژمێر ٧ـی بەیانی دەکەونە کار و کاتژمێر ٦ـی ئێوارە کاتی کۆتایی هاتنی دەنگدانیش بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەوەستن لەکار و بەهیچ جۆرێک کاتی هەڵبژاردن ناگۆڕدرێت.
باسی لەوەش کرد، ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە هۆکاری دروست کردنی جیاوازی و داوایان لە سەرجەم رێخراو و کۆنسوڵگەری و چاودێران کردووە چاودێری هەڵبژاردن بکەن و کونسوڵگەری نۆ وڵات و هەشت رێکخراو ئامادەییان دەربڕیوە بۆ چاودێری کردن ئەوەش جگە لە چاودێرانی ناوخۆ و چاودێرانی کۆمسیۆن.
راشیگەیاند، هەڵبژاردنی ئەمجارە بە کارتی بایۆمێتری دەبێت و ئەوەش بە هەموو شێوەیەک رێگری دەکات لە دەنگدانی دووبارە و هیچ چانسێکیان نەهێشتۆتەوە بۆ فێڵکردن.
دەشڵێت، کۆمسیۆن بەوپەڕی ئاگایی و بەرپرسیارێتییەوە هەڵبژاردنەکە بەڕێوە دەبات و لە هەموو وێستگەیەک رێکاری توند دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک بەڕیوەببات و هەڵبژاردنی ئەمجارەی هەرێم دەبێتە شایەتی ئەوەی کۆمسیۆنی عێراق بە پاکی و بێگەردانە هەڵبژاردنەکان بەڕێوە دەبات.