سەردێڕ:

ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوامن

PM:10:34:02/10/2024

3940 جار خوێندراوەتەوە

شەوی رابردوو ئێران بە ١٨٠ مووشەی بالیستی هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا و رایانگەیاند، ئامانجەکانیان لە خاکی ئیسرائیل پێکاوە و هۆشداری ئەوەشی بە ئیسرائیلدا کە ئەگەر تۆڵە بکەنەوە دیسانەوە تاران وەڵامێکی توندتری دەبێت.


دوای هێرشەکانیش بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئێران هەڵەیەکی گەورەی کردووە و باجەکەی دەدات.

چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئەم دوایەی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و کوشتنی حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵا و عەباس نیلفورو شانی فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران بە هۆکاری هێرشەکانی تاران بۆسەر تەلئەبیب دادەنرێت و تارانیش خۆی دەڵێت ئەوە وەڵامی هەنیە و نیلفۆشان و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بووە بۆسەر لوبنان و غەززە.

بەرپرسێکی باڵای ئێرانیش بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، هێرشە مووشەکییەکان بە فەرمانی راستەوخۆی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران بووە و مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێرانیش دەڵێت، هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بۆ بەرگریکردنە لە بەرژەوەندییەکانی ئێران و دانیشتوانەکەی.

سەرۆکی ئەمریکاش هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشەکانی ئێرانەوە راگەیاند و دەڵێت، ئێران هەڵەی کردووە و ئیسرائیل مافی بەرگریکردن و وەڵامدانەوەی ئێرانی هەیە، دەشڵێت سەبارەت بەو هێرشانە لەگەڵ نەتانیاهۆ کۆدەبێتەوە.

لەبارەی مووشەکەکانیشەوە ئێران باسی لەوە کردووە، جۆری ئەو مووشەکانەی شەوی رابردوو لە هێرشەکەی سەر ئیسرائیل بەکارهێنرا، لە جۆری فەتاح هایپەرسۆنیک بووە کە کڵاوەکەی سێ مەترە و شەست سانتیمە و کێشی یەک تۆنە و درێژیشی ١١مەتر و نیوە، هەروەها بە دووری هەزار و ٤٠٠ کیلۆمەتر دەڕوات و توانای بڕینی سیستەمی بەرگری هەیە.

سەرەرای بەهێزی و زۆری ژمارەی مووشەکەکان، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەڵێن، هیچ بریندارێک لە ئیسرائیل تۆمار نەکراوە، بەڵام کەسێک لە فەڵەستین گیانی لەدەستداوە. ئاسۆکانیش بۆ کۆتایهاتنی ئەو ئاگرەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاو دەسێنێت نادیار ماوەتەوە.













گەلەری