پارتى و یەکێتى تەنها سەرخان و ژێرخانى وڵات نادزن، بەڵکو کلتور و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشیان شێواندووە و رکابەرى و ناکۆکییان لە نێوان شارەکان و عەشیرەت و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا دروستکردووە بۆ بەرژەوەندى خۆیان.
هەرێمى کوردستان خاوەنى کلتورێکى دەوڵەمەند و تۆکمەیە لە پەیوەندى کۆمەڵایەتى و یەکتر قبولکردن و پێکەوەژیان، بەتایبەتى لەنێوان شار و شارۆچکە جیاوازەکانیدا، لەنێوان گوند و دەڤەرەکاندا و بە درێژاى هەزاران ساڵیش ئەم ناوچانە لە خۆشى و ناوخۆشییەکاندا پێکەوەبوون.
پارتى و یەکێتى بەمەبەست کاریان
لەسەر تێکدانى ئەو پەیوەندییانە کرد و دەیانەوێت ناکۆکى هەبێت بۆ ئەوەى کۆدەنگى نەبێت
بۆ روخاندنى دەسەڵاتە گەندەڵ و شکستخواردووەکەیان، بۆ نمونە مەبەستیانە درز لە نێوان
خەڵکى هەولێر و سلێمانییدا دروستبکەن و هانى خەڵکى دهۆک و زاخۆ دژ بە یەکتر دەدەن
و جیاوازى دەکەن لە نێوان شارەکاندا.
پێکەوەژیانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و ئاینزاکان لە هەرێم خاڵیکی گەش
و گرنگی کۆمەڵگەی ئێمە بوو، بەڵام پارتی ویەکێتی لەم ڕێگایەوە هەوڵی تێکدانی دەدەن.
پێکهاتە کۆمەڵایەتیی و عەشایەرییەکانى هەرێمى کوردستانیش لە گوند و
شارۆچکە و شارەکاندا سەدان ساڵە خاوەنى پەیوەندى بەهێزى کۆمەڵایەتین و لە شار و شینى
یەکتردا پێکەوەبوون، جیاواز لەوانەش پارتى و یەکێتى بەمەبەست هەندێک لەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییانەیان
لە یەکتر دابڕى و بەمەبەستیش کێشە و گرفتى عەشایەرى لە چەند ناوچەیەک دروستدەکەن بۆ
ئەوەى ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتیانە دووربن لە یەکتر و بۆ چارەسەرى کێشەکانیان بگەڕێنەوە
بۆ لاى حزبەکان.