وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، ناوچەی ڤێرخنی کامێنسکۆیان لە هەرێمی دۆنستیک کۆنترۆڵ کردووە و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا زیاتر لە دوو هەزار سەربازی ئۆکرانیا کوژراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی بەرگری روسیا لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سوپای وڵاتەکەی لە ئۆکرانیا بەردەوامە لە پێشڕەوییەکانی و لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا دوو هەزار ١٢٠ سەربازی ئۆکرانیا کوژراون.
ئەوەشی خستووەتە روو، هێزەکانی سوپا لە ناوچەی زارپۆژیا و خێرسۆنیش
زیانی گەورەیان بە سوپای ئۆکرانیا گەیاندووە و کەلوپەلی نێو وێسگەیەکی ئەتۆمیان تێکشکاندووە.
پێشتر، بەرپرسانی ئۆکرانیا رایانگەیاند، هێزەکانی روسیا دووجار
هێرشیان کردووەتە سەر نەخۆشخانەیەک لە باکووری رۆژئاوای ئۆکرانیا بەهۆیەوە نۆ کەس
گیانیان لەدەستدا و ٢٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەوەش لە کاتێکدایە، جەنگی نێوان روسیا و
ئۆکرانیا لە ٢٤ـی شوباتی ٢٠٢٢ دەستی پێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە، جەنگەکەش
گەورەترین جەنگی ئەوروپایە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، بەهۆیەوە سەدان سەرباز
و کەسی مەدەنی لە هەردوولا گیانیان لەدەستداوە.