سەردێڕ:

چی بەسەر جەستەدا دێت ئەگەر خوێ لە خواردنەکاندا کەم بکەیتەوە؟

PM:03:27:02/10/2024

1640 جار خوێندراوەتەوە

خوێ کە پێکدێت لە کلۆریدی سۆدیۆم، کانزایەکی سەرەکییە بۆ جەستەی مرۆڤ و رۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی هاوسەنگیی شلە و کارکردنی دەمارەکان و گرژبوونی ماسولکەکان، هەربۆیە گرنگە چاودێری بڕی ئەو خوێیە بکەیت کە دەیخۆیت چونکە زیادەڕۆیی لە خواردنی خوێدا رەنگە ببێتە هۆی کۆمەڵیک کێشەی تەندروستی لە جەستەدا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە دڵەوە هەیە.


بەپێی ماڵپەڕی "Times Now"خواردنی بڕێکی زۆر خوێ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هاوکات ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک و کێشەکانی گورچیلە زیاد دەکات.

خۆراکە لەقتونراوەکان بڕێکی زۆر خوێ لەخۆدەگرن، بۆیە گرنگە دووربکەوینەوە لەو خۆراکانە، چونکە کەمکردنەوەی خواردنی خوێ یارمەتیدەرە لە باشترکردنی تەندروستیی گشتیی جەستە.

بەشێک لەو گۆڕانکارییانەی کە بەسەر جەستەتدا دێت کاتێک خواردنی خوێ کەم دەکەیتەوە؛

١. دابەزاندنی پەستانی خوێن

کەمکردنەوەی خواردنی خوێ یارمەتیدەرە لە دابەزاندنی پەستانی خوێن بە شێوەیەکی بەرچاو ئەمەش دەتوانێت سوود بەو کەسانە بگەیەنێت کە پەستانی خوێنیان بەرزە، بەجۆرێک سۆدیۆم دەبێتە هۆی ئەوەی جەستە ئاو رابگرێت، بەوەش قەبارەی خوێن زیاد دەکات و فشاری زیادە لەسەر دیواری خوێنبەرەکان دروست دەکات، کاتێک خواردنی خوێ کەم دەکەیتەوە، جەستە ئەم ئاوە زیادەیە دەردەدات و ئەمەش یارمەتی دابەزاندنی پەستانی خوێن دەدات، ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک و نەخۆشی گورچیلەش کەم دەکاتەوە.

٢. کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ

زۆر خواردنی خوێ هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، بەڵام کاتێک خوێ کەم دەکەیتەوە یارمەتی کەمکردنەوەی فشاری دەروونی دەدات لەسەر دڵ و خوێنبەرەکان، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ رێگریکردن لە حاڵەتەکانی وەک نەخۆشی خوێنبەرەکان و سستبوونی دڵ، جگە لەوانەش یارمەتی باشترکردنی کارکردنی خوێنبەرەکان و مانەوەیان بە تەندروستی دەدات.

٣. باشتر کارکردنی گورچیلە

گورچیلە رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە رێکخستنی هاوسەنگیی سۆدیۆم، کاتێک خوێی زۆر دەخۆیت، گورچیلەکانت زیاتر کاردەکەن بۆ پاککردنەوەی خوێن، ئەمەش دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە جەستە، لەبەرامبەردا کەمکردنەوەی خواردنی خوێ دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشار لەسەر کاری گورچیلە، هاوکات رێگری دەکات لە ئاڵۆزییەکانی وەک بەردی گورچیلە و نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە، کە زۆرجار پەیوەندییان بە خواردنی بڕێکی زۆر سۆدیۆمەوە هەیە.

٤. کەمکردنەوەی ئاوسان

سۆدیۆم دەبێتە هۆی ئاوسانی جەستە بەتایبەتی لە دەست و قاچ و سکدا، کەمکردنەوەی خوێ رێگە بە جەستە دەدات لە ئاوی زیادە رزگاری ببێت، بەمەش ئاوسانی جەستە کەم دەبێتەوە.

٥. تەندروستی ئێسک باشتر دەکات

زۆر خواردنی خوێ دەبێتە هۆی زیادبوونی لەدەستدانی کالیسیۆم لەڕێگەی میزکردنەوە، بەمەش ئێسکەکان بە تێپەڕبوونی کات لاواز دەبن کە رەنگە جێگەی نیگەرانی ئەو کەسانە بێت کە مەترسی پووکانەوەی ئێسکیان لەسەرە، بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی خوێ، دەتوانیت دەردانی کالیسیۆم کەم بکەیتەوە، ئەمەش یارمەتی پاراستنی هێزی ئێسک دەدات و ئەگەری شکانی ئێسک کەم دەکاتەوە.

٦. هەستیاریی تام باشتر دەکات

کاتێک بە تێپەڕبوونی کات خوێ کەمتر دەخۆیت، ئەوە زیاتر هەستیارت دەکات بەرامبەر بە تامە سروشتییەکانی ناو خۆراکەکان، لەگەڵ کەمکردنەوەی سۆدیۆم، دەست دەکەیت بە چێژ وەرگرتن لە تامی ئەو خۆراکانەی کە رێژەی خوێیان کەمترە، ئەمەش دەبێتە هۆی خووی خواردنی تەندروستتر.













گەلەری