سەرەڕای ئەوەی حکومەتی کاربەڕێکەر داهاتی ناوخۆ و زیاتر لە ترلیۆنێک دیناری بەغدای لەبەردەستدایە، بەڵام گوێی خۆی لە مووچە کەڕ کردووە و هێشتا لیستی مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی رانەگەیاندووە.
لە دنیادا ئەرکی حکومەت ئەوەیە کارئاسانی بۆ هاوڵاتیانی خۆی بکات، بە جۆرێک ئەگەر لەسەر خەزێنەی خۆشی بێت، مافی هاوڵاتیان دابین بکات و بارگرانییەکە بۆ خودی حکومەت بێت وەک بەرپرس لە بەڕێوەبردنی وڵات، نەوەک هەر کەموکوڕییەکانی لەسەر گیرفان و ماف و خزمەتگوزارییەکانی هاوڵاتیان پڕبکاتەوە.
ئەمەش بە تەواوی پێچەوانەی ئەو بەڕێوەبردنەیە کە ماوەی نۆ ساڵە لە
حکومەتی هەرێم و هەردوو حزبی دەسەڵاتداری یەکێتی و پارتی دەبینرێت، کە گیرفان و
قەرزەکانیان لەسەر حسابی موڵک و ماڵی دەوڵەت و بڕینی مووچە و قوتی خەڵک پڕدەکەن.
لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە بە بیانووی قەیرانی دارایی و نەبوونی پارە، دەستیان
بردووە بۆ ٢٠٠ هەزاری مووچەی خاوەنپێداویستی تایبەت، ١٠٠ هەزاری مووچەی خێزانێکی
بێ باوک، ٢٥٠ هەزاری مووچەی خانەنشینێکی هێزی ئەمنی، بەوانەشەوە نەوەستاون و
توانیویانە چەندین جار تەواوی مووچەی خانەنشینێک نەدەن کە خێزانێک بەڕێوەدەبات.
ئەمە چەندین ساڵە بەردەوامە و ئێستاش دوای نۆ ساڵ لەسەر هەمان رەفتار
بەردەوامن، لەکاتێکدا تەنها ٢٠ رۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردن، تەنانەت ئەگەر بۆ بانگەشەی
هەڵبژاردنیش بێت نایانەوێت یەک دینار لە سەروەتە لەبن نەهاتووەکەیان کەم بێت و
ئامادەن مووچەی مووچەخۆران نەدەن نەوەک دەست بۆ داهاتی ناوخۆ و نەوتە قاچاغەکانیان
ببەن.
مووچەخۆران سبەینێ دەچنە ناو مانگی ١٠، بەڵام سەرەڕای ئەوەی حکومەتی کاربەڕێکەر
داهاتی ناوخۆی هەرێم و زیاتر لە ترلیۆنێک دیناری لەبەردەستدایە، کە دەتوانێت دوو
مووچەی پێدابەش بکات، کەچی لیستی مووچەی یەک مانگیش راناگەیەنێت.
حکومەتی
کاربەڕێکەر گوێی خۆی لە مووچە کەڕ کردووە و تاوەکو ئێستا لیستی مووچەی مانگی هەشتی
رانەگەیاندووە.
پێشتر ئێن ئاڕ تی
ئەوەی ئاشکرا کرد، کە پارتی و یەکێتی رێککەوتنیان کردووە تاوەکو دابەشکردنی مووچەی
مانگی هەشت و نۆ بخەنە سەرەتای مانگی ١٠ و وەک بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری بهێنن.
لە رۆژی ٢٢ی ئەم
مانگەدا، بەغدا ٥٧٢ ملیار دیناری وەک تەواوکاری مووچە بۆ مانگەکانی حەوت و هەشتی
مووچەخۆران خستە سەر هەژماری بانکی هەرێم.
لەلایەکی دیکەوە،
لە ٢٧ی مانگی رابردوودا بەغدا ٥٥٠ ملیار دیناری وەک پارەی مووچەی مانگی هەشت خستە
سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر.
سەرەڕای هەموو
ئەوانە حکومەتی کاربەڕێکەر دەڵێت، بۆ دابەشکردنی مووچە، چاوەڕێن پارەی تەواوکاری مووچەی
مانگی هەشتن لە بەغداوە، کە بڕەکەی ٢٤٣ ملیار دینارە.
هەرچی حکومەتی عێراقیشە
باس لەوەدەکات، رادەستکردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم بە بەغدا مەرجی سەرەکیانە بۆ
ناردنی مووچە.
شەوی ٢٤ی مانگ
شاندی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گەیشتە هەرێم و رۆژی دواتر لەبارەی پرسی مووچە
و داهات و خەرجییەکانەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی
شاندەکە بە بەرپرسانی هەرێمیان وتبوو، ئەگەر دەتانەوێت گرفتی مووچە بە یەکجاری چارەسەر
بکرێت و ئەو هەموو هاتوچۆیەی نێوان هەرێم و عێراق نەمێنێت، ئەوا دەبێت پابەند بن بە
رادەستکردنی ٥٠٪ی داهاتی نانەوتی بە عێراق.
شاندەکە ئەوەی
خستبووە ڕوو، پابەندبوون بە رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ مەرجی سەرەکییە و دواتریش دەبێت
بەشێوەیەکی جددی هەرێم پابەند بێت بە سەرجەم رێککەوتنەکانی نێوانیان، بۆ دابینکردنی
لیستێکی مووچەی بێگرفت و لیستی مووچەی خانەنشینی سەربازی و هێزە ئەمنییەکان کە دەبێت
حکومەتی عێراق بڕیاری لێبدات.
ئەوەش لەکاتێکدایە،
لە ٢٧ی ٧ی ساڵی رابردوودا، هەرێم و بەغدا لەسەر پێنج خاڵ رێککەوتن و بەگوێرەی رێککەوتنەکە
هەرێم سەرجەم داهاتی نەوتی و ٥٠٪ی داهاتی نا نەوتی رادەستی بەغدا دەکات، لە بەرامبەردا
حکومەتی عێراقی ماف و شایستەداراییەکانی هەرێم دەنێرێت.
بەڵام لەو کاتەوە
تاوەکو ئێستا هەرێم پابەند نەبووە بە رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و دوای نزیکەی ساڵێک
لەو رێککەوتنەی لەگەڵ عێراق ئەنجامیدا، لە مانگی ئایاری رابردوودا، تەیف سامی وەزیری
دارایی عێراق لە نووسراوێکدا باسی لەوە کرد، حکومەتی کاربەڕێکەر داهاتی نانەوتی
رادەستناکات و سەرەڕای ئەوەش دەستکاری داهاتەکان دەکات.
هـ.ئـ