سەردێڕ:

ئیسرائیل دەیەوێت ئۆپراسیۆنێکی زەمینی لە لوبنان دەست پێبکات

PM:11:56:29/09/2024

3052 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی ئەمریکی بە میدیا جیهانییەکانی راگەیاندووە، ئیسرائیل دەیەوێت پێگەکانی حزبوڵڵا لە نزیک سنورەکانی خاپور بکات، بۆ ئەو مەبەستەش ڕەنگە لە پاڵ هێرشە ئاسمانییەکان، بەم نزیکانە ئۆپراسیۆنێکی زەمینى سنوردار لە ناو خاکی لوبنان ئەنجام بدات.


لە دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا، گرژییەکان زیاتر بوون و حکومەتی واشنتۆن جەخت دەکاتەوە، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان یارمەتیدەر نین لە گێڕانەوەی سەقامگیریی بۆ ناوچەکە.

لەو چوارچێوەیەدا وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئامانج لەو هەنگاوەیان گێڕانەوەی ئاسایشە بۆ باکوری ئیسرائیل تا لە ڕێگەیەوە زیاتر لە ٦٠ هەزار هاوڵاتی جولەکە کە ناوچەکەیان جێهێشتووە بتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.

لە لایەکی ترەوە سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر باشوری شاری بەیروت ئەندامێکی باڵایان لە دەزگای هەواڵگریی حزبوڵڵا کوشتووە، بەڵام حزبەکە هەواڵەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

هەرچۆنیک بێت هەڵکشانی ئاڵۆزییەکان مەترسی فراوانبونی بۆ جەنگێکی هەرێمایەتی دروستکردووە، کە ئەوەش پاڵی بە ئەمریکاوە ناوە بیر لە زیادکردنی هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە.

هەرچی لوبنانیشە کە ناو جەگەری ئاڵۆزییەکانە، سوپای ئەو وڵاتە داوای لە هاوڵاتیان کردووە پارێزگاریی لە یەکێتی نیشتیمانی بکەن و لە دووبەرەکی خۆیان بەدووربگرن، هەروەها نەجیب میقاتی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری لوبنان هۆشداریداوە لەو مەترسیانەی ڕوبەڕووی وڵاتەکەی بووەتەوە.

ئەوە لە کاتیکدایە، کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئەو وڵاتە، نزیکەی ملیۆنێک کەس ئاوارە بوون، کە زۆربەیان ڕوویان لە خاکی سوریا کردووە لە ئێستاشدا پرسیاری ئەوە دەکرێت کە لە دوسێی کواژرانی نەسروڵڵاوە چارەنوسی ئاگربەست لە کەرتی غەزە بە چی دەگات.؟

لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی باس لەوە دەکات، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا پێیاوان وایە کوژرانی نەسروڵڵا هەڵوێست و پێگەی ئیسرائیلی لە هەموو کاتێکی تر زیاتر بەهێزکردووە و ڕەنگە هەلی زیاتر بە بوژاندنەوەی دانوستانەکانی ئاگربەست لە غەزە دروست بکات.

لە لایەکی ترەوە و لە دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵاوە، میدیاکان باس لە دوو کەسایەتی دەکەن لە ڕەنگە یەکێکیان ببێتە جێگرەوەی نەسروڵڵا، کە بریتین لە هاشم سەفیەدین کوڕی پورى حەسەن نەسروڵڵا، لەگەڵ شێخ نەعیم قاسم کە ئێستا باس لەوە دەکرێت بەشێوەیەکی کاتیی فەرماندەیی حزبەکەی دەکات.













گەلەری