بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی لە گوندی قەڵای شێخ رەشیدی سەر بە ناوچەی سەنگاو لە چەمچەماڵ گەلە گورگێک پەلاماری ١٠٠ سەر مەڕی داوە و ٨٠ـیان مردار بوونەتەوە و ٢٠ سەر مەڕیشی بریندار کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، شایەتحاڵێک لە گوندی قەڵای شێخ رەشیدی سەر بە ناوچەی سەنگاو لە چەمچەماڵ بە ئێن ئاڕ تی وت، شەوی رابردوو گەلە گورگێک پەلاماری ١٠٠ سەر مەڕی داوە و زۆرینەیان مردار بوونەتەوە.
ئەوەشی خستە روو، رووداوەکە بە جۆرێک بووە خاوەنی مەڕەکان دوێنێ مەڕەکانی نەبردووەتە دەرەوە بەهۆی ئەوەی سەرقاڵ
بوون، درەنگانی شەو مەڕەکان لەو شوێنەی کە تیایدا ماونەتەوە چوونەتە دەرەوە و شوێنەکەیان بەجێ هێشتووە.
باسی لەوەش کرد، لە درەنگانی شەودا گەلە گورگەکە هێرشی کردووەتە سەر
مەڕەکان و بەهۆیەوە ٨٠ مەڕ مردار بوونەتەوە و ٢٠ مەڕی دیکەش زیان بە دەست و قاچ و
قوڕگیان گەشتووە و بریندار بوون.
بەگوێرەی وتەی ئەو شایەتحاڵە تا ئێستا هیچکام لە لایەنە پەیوەندیدارەکان
بەدەم خاوەنی مەڕەکانەوە نەهاتوون.
هۆگر عەدنان- چەمچەماڵ