سەردێڕ:

لێدوانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئێن ئاڕ تی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە

PM:02:29:29/09/2024

11024 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بە وەکالەت بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پێشوازی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن. دەشڵێت، " داوا لە هاوڵاتیانی هەرێم دەکەین بەشداری هەڵبژاردن بکەن، چونکە هەڵبژاردن شەرعییەت بۆ دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە".


ئەمڕۆ یەکشەممە، کلاودیۆ کۆردۆن، سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بە وەکالەت بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، چاوەڕوانن لە ٢٠ـی ئۆکتۆبەر هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.

 

ئاماژەی بەوەش کرد، پەرلەمانێکی نوێ کە بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراوە، تاکە رێگەیە بۆ گەڕاندنەوەی شەرعییەت بۆ دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان.

ئەوەشی خستە روو، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەن بانگەشەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی باش و دوور لە هەموو کێشەیەک ئەنجام بدەن. وتیشی، "چاوەڕوانین هاوڵاتیانی هەرێم و بەشداریی بەرچاوییان هەبێت لە هەڵبژاردنەکەدا".

هاوکات، نەبەرد عومەر، سەرۆکى دەستەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان یەکەمین هەڵبژاردنە کە تەنها بە کارتی بایۆمێتری دەنگ دەدرێت و کەس نازانێت دەنگدەر دەنگی بە کێ داوە. وتیشی، "لە بەغداوە بە کامێرا چاودێری پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین".

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٠ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی عێراق و لەژێر چاودێری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەڕێوە دەچێت.

هەڵبژاردنەکەش یەکەمین هەڵبژاردنە لە مێژووی هەرێمی کوردستان کە کۆمسیۆنی عێراق سەرپەرشتی بکات و بەدەر لە ویستی پارتی و یەکێتی و بە فشاری نێودەوڵەتی بەڕێوە بچێت، چاوەڕوانیش دەکرێت هاوڵاتیان تۆڵەی ٣٣ ساڵی رابردوو لە پارتی و یەکێتی بکەنەوە.


 













گەلەری