PM:11:54:28/09/2024
2028 جار خوێندراوەتەوە
پارتى و یەکێتى مانگێک پێش هەڵبژاردن بیرى خۆیانى دەبنەوە کە ئەوان دەسەڵاتن و سەرچاوەى قەیرانەکانن و وەک ئۆپۆزسیۆن قسە دەکەن، دەڵێن قەیران هەیە و مووچە بڕاوە، بەڵام ناڵێن کێ بەرپرسە و بۆچى ئەم دۆخە دروست بووە و هەموو هەڵبژاردنێک وەک دەوترێت ئەم قەوانە سواوە لێدەدەنەوە، هاوڵاتیانیش دەڵێن ئەمجارە لە رۆژى دەنگدان بیریان دەخەینەوە کێ قەیرانى دروستکردووە و کێ سەرچاوەى نەهامەتییەکانە.
لەگەڵ گەرمبوونى بانگەشەى هەڵبژاردن پارتى و یەکێتى پێگەى دەسەڵات بە کاتىی چۆڵ دەکەن و مانگێک خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن نمایش دەکەن.
پارتى و یەکێتى
بۆ ئەوەى دەستى چەورى قەیرانەکان بە یەکتر بسڕن، لە ئاست کێشەکاندا خەڵکى دیکە دەکەن
بە بەرپرس بە زمانێک قسە دەکەن وەک ئەوەى ئەمانە هەر لە دەسەڵاتدا نەبووبن لە ساڵانى
رابردوودا. بۆ ماوەی مانگێک بیریان دەچێتەوە کە لەکوێوە هاتوون و لەبیری خۆیانی دەبەنەوە
کە سەرچاوەی هەموو نەهامەتی و ماڵوێرانی و رەشبینی و دواکەوتووییەکی ئەم هەرێمە خۆیانن
و ٣٣ ساڵە کەس دەستی نەگرتوون و خۆیان خزمەتیان نەکردووە و هۆکاری هەموو ئەم کێشانەی
کە بەرۆکى خەڵکى گرتووە ئەوانن نەک کەسێکی دیکە.
پارتى و یەکێتى
دەڵێن کێشەى مووچە و کارەبا و ئاو هەیە، دەشڵێن، میللەت شایەنى خزمەتى زیاترە، بۆ
ئەوەى هەرچۆنێک بێت دەنگى خەڵک بەدەست بهێنن و هەموو هەڵبژاردنێکیش ئەم قسە سواوانە
دەکەنەوە و دواى هەڵبژاردنیش بەخێراىی بیرى خۆیانى دەبەنەوە و پێکەوە بەردەبنەوە گیانى
خەڵک، مووچە دەبڕن و باج چەندین قات زیاد دەکەن و سەرانە وەردەگرن و داهاتى ناوخۆش
لوش دەکەن و هەر پێکەوەش قاچاخچێتى نەوت دەکەن و مانگانە نزیکەى ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دەچێتە
گیرفانى بنەماڵەى بارزانى و تاڵەبانییەوە و لەکاتى هەڵبژاردنیشدا خۆیان لە ئاست ئەو
بابەتانەدا کەڕ دەکەن. بەڵام سەردەمی ئێستا جیاوازە و خەڵک تا رادەیەکی باش هۆشیارە
و تێگەیشتووە لە یارییەکەی دەسەڵات و دەڵێن ئەمجارە تۆڵەى قەیرانەکان لە پارتى و یەکێتى
لە ٢٠ـی ئۆکتۆبەر دەکەنەوە.