سەردێڕ:

زەوی دەبێتە خاوەنی دوو مانگ

PM:04:18:28/09/2024

23652 جار خوێندراوەتەوە

زانایان لە ئەنجامی توێژینەوەیەکی زانستیدا بۆیان دەرکەوتووە، لە ٢٩ـی ئەیلولەوە، بۆ ماوەی چەند مانگێک و بەهۆی راکێشانی هەسارۆکەیەک لەلایەن زەوییەوە، زەوی دەبێتە خاوەنی دوو مانگ.


زەوی بەهۆی هێزی کێشکردنەوە، هەسارۆکەیەکی بچووک کە زانایان بە " مانگی بچووک" ناویدەبەن، بەرەو خۆی رادەکێشێت و بۆ ماوەیەکی کاتی پێیەوە دەلکێت و دەبێت بە مانگێکی بچووک لە ئاسماندا.

زانایان دەشڵێن، مانگە کاتییەکە زۆر بچووک و تاریک دەبێت و ئەستەمە بە چاو ببینرێت، بۆ بینینی مانگەکە دەبێت تەلیسکۆبی پێشکەوتوو بەکار بهێنیت.

هەسارۆکە بچووکەکە یەکەمجار لەلایەن سیستمی (ATLAS)ـی سەر بە ناسا تێبینی کرا و پاشان لەلایەن چەند زانایەک توێژینەوەیەکی لەسەر کرا و لەلایەن رێکخراوی کۆمەڵەی فەلەکناسیی ئەمریکا بڵاو کرایەوە. بەپێی توێژینەوەکە، هەسارۆکەکە لە پشتێنەی ئەستیرۆیدی ئەرجواناوە هاتووە کە بە رێکەوت هەندێک لە هەسارۆکەکانی نزیکی زەوی بوونەتەوە.

زانایان راشیانگەیاندووە، ئەگەر ئەو هەسارۆکانە بە شێوەیەکی خاو بجوڵێن بەجۆرێک بگاتە نزیکی سێ هەزار و ٥٤٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، ناوچەی هێزی کێشکردنی زەوی دەتوانێت کاریگەری لەسەر هەسارۆکەکە هەبێت و بەرەو خۆی رایبکێشێت و بۆ ماوەیەکی کاتی لە ناوچەی هێزی کێشکردنەکەیدا بمێنێتەوە.

لە سبەینێشەوە هەمان شت بەسەر ئەو هەسارۆکانەدا دێت و بە وتەی زانایان بۆ ماوەی دوو مانگ بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە و لە ٢٥ـی مانگی تشرینی دووەمدا زەوی بەجێ دەهێڵێت.

هەسارۆکەکە نزیکی ١٠ مەتر درێژە و زۆر بچووکە لە چاو ئەو مانگەی زەوی کە شەوانە دەیبینین، بەڵام مانگی زەوی بە نزیکی تیرەکەی دەگاتە سێ هەزار و ٤٧٤ کیلۆمەتر.

بەهۆی بچووکیەکەیەوە دانیشتوانی زەوی ناتوانن بە چاو یاخود بە بەکارهێنانی تەلیسکۆبی ئاسایی بیبینن بەڵکو دەبێت تەلیسکۆبی پێشکەوتوو بەکار بهێنن بۆ بینینی مانگە بچوکەکە.

هەسارۆکەکان کە زانایان بە مانگە بچووکەکان ناویان دەبەن، پێشتریش چەند جارێک بینراون و هەندێکیشیان بۆ دووجار لە ئاسمانی زەوی دەبینرێن، یەکێک لەوانەش هەسارۆکەی (NX1) بوو کە لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا دووبارە سەردانی زەوی کردەوە دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٨١ بۆ یەکەم جار بینرا.


 













گەلەری