سەردێڕ:

دەکرێت ماست لەبری ئاو بۆ شکاندنی تینویەتی بەکار بهێنین؟

PM:09:25:27/09/2024

1968 جار خوێندراوەتەوە

زۆر کەس پێیان باشە ماست بخۆن بەهۆی سوودە خۆراکی و تەندروستییەکانی، ئەمەش وایکردووە لە زۆربەی کلتوورە جیاوازەکاندا خواردنێکی تایبەت بێت.


زۆرجار وا دادەنرێت کە خواردنی ماست لە هەندێک حاڵەتدا لە ئاو زیاتر تینویەتی مرۆڤ بشکێنێت، رەنگە ئەم بابەتە بۆ هەندێک کەس نامۆ بێت، بەڵام هۆکاری زۆر هەیە کە پشتگیری ئەم بیرۆکەیە دەکەن.

پێکهاتە خۆراکییەکانی ماست یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکان بۆ ئەوەی لە ئاو کاریگەرتر بێت لە شێدارکردنەوەی جەستە، چونکە بڕێکی زۆر ئاوی تێدایە، بەوپێیەی نزیکەی ٨٥٪ـی ماست لە ئاو پێکدێت، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە سەرچاوەیەکی باشی شلەمەنی بۆ جەستە.

بەو پێیەی پێکهاتەی ماست تەنها لە بوونی بڕێکی زۆری ئاودا سنووردار نییە، بەڵکو چەندین ماددەی خۆراکی گرنگی تێدایە وەک پرۆتین و چەوریی تەندروست و ڤیتامین و کانزاکان، ئەم پێکهاتانە وای لێدەکەن ببێتە بژاردەیەک کە زیاتر لە ئاو یارمەتی شێدارکردنەوەی جەستە بدات، هەر لەبەر ئەمەشە واباشە لەسەر سفرەکانی رەمەزان ماست بخورێت.

هەرچەندە ئاو یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی شێدارکردنی جەستە و پاراستنی ئەرکە گرنگەکانی جەستە، بەڵام یەکێک لە دیارترین کێشەکانی ئاو ئەوەیە کە بە خێرایی بە کۆئەندامی هەرسدا تێدەپەڕێت و هەڵدەمژرێت بەبێ ئەوەی هیچ ماددەیەکی خۆراکی بۆ جەستە دابین بکات، لە کاتێکدا ماست بەشدارە لە دابینکردنی وزە و ماددە خۆراکیەکان بۆ جەستە کە پاڵپشتی کاری خانە و شانەکان دەکات، شلەمەنییەکانی ناوی بە هێواشی هەڵدەمژرێن، ئەمەش یارمەتی جەستە دەدات بۆ ماوەیەکی زیاتر شێدار بمێنێتەوە.

لە رووی زانستیشەوە ماست بە خواردنێک دادەنرێت کە بەکتریایەکی سوودبەخشی تێدایە کە بە پرۆبایۆتیک ناسراوە، ئەم بەکتریایانە رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە بەرەوپێشبردنی تەندروستی کرداری هەرس تاوەکو ریخۆڵەکان تەندروستتر بن، هەروەها بەشدارە لە باشترکردنی توانای جەستە بۆ هەڵمژینی ماددە خۆراکیەکان و راگرتنی ئاو لەناو جەستەدا.

پرۆبایۆتیکەکان هۆکارن بۆ باشترکردنی هاوسەنگیی بەکتریا سوودبەخشەکان، ئەمەش هۆکارە بۆ باشترکردنی کرداری هەرس و رێگریکردن لە کێشەکانی وشکبوونەوە کە پەیوەندییان بە کەم مژینی خۆراک یان سکچوونەوە هەیە.

ماست چەندین کانزای پێویستی تێدایە وەکو پۆتاسیۆم و سۆدیۆم و مەگنیسیۆم کە پێویستن بۆ جەستەیەکی تەندروست و لە بەرامبەردا ئەم کانزایانە پێویستن بۆ پاراستنی هاوسەنگیی شلە لە جەستەدا. کاتێک لەش شلەمەنی لەدەست دەدات بەهۆی سکچوون، ئارەقکردنەوەی توند، یان تەنانەت کارتی بەڕۆژووبوون، خواردنی ماست یارمەتیدەر دەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم کەمییە بە خێرایی، چونکە ماست رێژەیەکی باشی کانزای پێویست لەخۆدەگرێت، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە خۆراکە گونجاوەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی کانزا لەدەستچووەکان لە جەستەدا.

ئاو بخۆیتەوە یان ماست، هەردووکیان بژاردەی باش و پێویستن، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە هەمیشە جەستە بە شێداری بمێنێتەوە، چونکە شێدارکردنی باش یارمەتی جەستە دەدات لە ژەهر و خوێی زیادە رزگاری ببێت و وامان لێدەکات چێژ لە تەندروستییەکی باش وەربگرین.













گەلەری