سەردێڕ:

دوای هەواڵەکەی ئێن ئاڕ تی لەبارەی دواخستنی مووچەوە؛ حکومەتی کاربەڕێکەر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

PM:09:04:26/09/2024

52888 جار خوێندراوەتەوە

دوای هەواڵەکەی ئێن ئاڕ تی سەبارەت بە دواخستنی مووچە لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە، حکومەتی کاربەڕێکەر لەڕێگەی وەزارەتی داراییەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی پشتڕاست کردەوە و دەڵێت، مووچە دابەش ناکەن، تا پارەی دیکە لە بەغداوە دێت.


پاش ئەوەی ئێن ئاڕ تی زانیاری بڵاوکردەوە سەبارەت بەوەی حکومەتی کاربەڕێکەر دابەشکردنی مووچەی راگرتووە و پارتی و یەکێتی ئامادە نین هیچ بڕێک لە داهاتی ناوخۆ خەرج بکەن بۆ مووچەی فەرمانبەران، حکومەتی کاربەڕێکەر لەڕێگەی وەزارەتی داراییەوە زانیارییەکانی پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، تا بەغدا بڕێکی دیکە لە پارە نەنێرێت بۆیان دەست بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران ناکەن.

لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەردا باس لەوەش کراوە، چاوەڕێن لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا گوژمەی تەواوکاری بۆ مووچەی مانگی هەشت کە بڕەکەی ٢٤٣ ملیار دینارە، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر، تاوەکو دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن.

ئەوەش هاتووە، شاندەکەی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر لە بەغدا لیستی مووچەی مانگەکانی هەشت و نۆی مووچەخۆرانی هەرێمیان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، ئەوەش دوای چاککردنەوەی سەرجەم کەموکوڕییەکان تیایاندا.

هاوکات، ئەوەش خراوەتە روو، وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی نۆی مووچەخۆرانی هەرێمدا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەستی پێکردووە.

لەلایەکی دیکەوە حکومەتی کاربەڕێکەر لەو راگەیەنراوەی وەزارەتی داراییدا دانی بە کەموکوڕییەکانی لیستی مووچەدا ناوە و دەڵێت، کێشەکانی تایبەت بە دووبارەبوونەوەی کۆدی بایۆمەتری و ناوی دووبارە بەشی زۆری چارەسەر کراون، هەموو ئەو فەرمانبەرانەی ناوەکانیان لەیەک چووە یان کۆدیان دووبارە بووە، وردبینی و بەدواداچوونیان بۆ کراوە و چارەسەرکراون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر ئێن ئاڕ تی ئەوەی ئاشکرا کرد، کە پارتی و یەکێتی رێککەوتنیان کردووە تا دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت بخەنە سەرەتای مانگی ١٠ و وەک بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری بهێنن.

ئێن ئاڕ تی ئەوەشی ئاشکرا کرد، رێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەیە، دابەشکردنی مووچە بکەنە سەرەتای مانگی ١٠ و ئەو مافەی مووچەخۆران وەک بانگەشە بەکار بهێنن، داواشیان کردووە مووچەی مانگی نۆش لە بەغداوە بێت، تا بڵێن لەم بانگەشەی هەڵبژاردنەدا دوو مووچە دابەش دەکەن.

"داهاتی ناوخۆ، داهاتە نادیارەکە"

بە وتەی حکومەتی کاربەڕێکەر داهاتی یەک مانگی ناوخۆ ٤٥٢ ملیار دینارە، بەو پێیەش لە هەشت مانگی رابردوودا، زیاتر لە سێ ترلیۆن و ٦٠٠ ملیار دیناری دەست کەوتووە بەڵام کەس نازانێت بۆ کوێ دەچێت، ئەوەش سەرەڕای داهاتی نەوتی قاچاخ، کە مانگانە بە زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەڵام بۆ مووچەی حەوت مانگی ئەمساڵ، حکومەتی کاربەڕێکەر هەر چاوەڕوانی هاتنی پارە بووە لە بەغداوە.


 

 

 

 













گەلەری