سەردێڕ:

کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و حکومەتی کاربەڕێکەر لەسەر مووچە کۆتایی هات

PM:05:16:26/09/2024

29364 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەغدا پابەندە بە ناردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم. دەشڵێت، "دەبێت مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بەبانکی بکرێت".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی عێراق پابەندە بەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بەپێی یاسای بودجە مووچەکانیان بۆ خەرج دەکرێت.

ئەوەشی خستە روو، دەبێت هەرێم هەنگاو بۆ چارەسەری کێشەکان بنێت و دەشبێت مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بە بانکی بکرێت.
باسی لەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ شاندی هەرێم باسیان لە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کردووە و لیژنەی دارایی ویستی هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم کێشەکانی دامەزراندن و مووچە و خاڵە سنوورییەکان و داهاتی نەوتی و نانەوتی چارەسەر بکرێن. 
ئەوەشی خستە روو، کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران و بە گشتی هەنگاوی باشیان بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی میلاک و گرێبەست و خانەنشینان ناوە. دەشڵێت، "بە چاوپۆشیکردن لە پابەندنەبوونی هەرێم بە بەندەکانی یاسای بودجە، عێراق پابەند بووە بە ناردنی مووچە و ئەوەش کارێکی باشە و لیژنەی دارایش چاودێر دەبێت بەسەر هەرێمەوە بۆ چارەسەری ئەو تێبینیانەی بەغدا لەسەر مووچە هەیەتی تاوەکو لە کۆتایی ئەمساڵدا چارەسەر بکرێن". 

ئەوەش لە کاتێکدایە، چاوگێکی ئاگادار بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هەرچەندە حکومەتی کاربەڕێکەر ٧٥٥ ملیار دیناری بەغدا و ٣٥٠ ملیاری داهاتی ناوخۆی لەبەردەستدایە، دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشتی بۆ کاتێکی نادیار دواخستووە.

باسی لەوش کرد،حکومەتی کاربەڕێکەر رادەستکردنی داهاتی ناوخۆی بە بەغدا رەتکردەوە و سەرۆکی لیژنەی دارایی عێراقیش دەڵێت، دەبێت هەرێم ٥٠٪ـی داهاتی ناوخۆ رادەست بکات.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، سەرەڕای ئەوەی باس لەوە دەکرا لەم هەفتەیەدا مووچەی مانگی هەشت دابەش دەکرێت، بەڵام پێشتر ئێن ئاڕ تی ئەوەی ئاشکرا کرد کە پارتی و یەکێتی رێککەوتنیان کردووە تا دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت بخەنە سەرەتای مانگی ١٠ و وەک بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری بهێنن.

ئێن ئاڕ تی ئەوەشی ئاشکرا کرد، رێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەیە، دابەشکردنی مووچە بکەنە سەرەتای مانگی ١٠ و ئەو مافەی مووچەخۆران وەک بانگەشە بەکار بهێنن، داواشیان کردووەمووچەی مانگی نۆش لە بەغداوە بێت، تا بڵین لەم بانگەشەی هەڵبژاردنەدا دوو مووچە دابەش دەکەن.

"پارەی پێویست بۆ مووچە لەبەر دەستە"

بە گوێرەی زانیارییەکان، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بۆ مووچەی مانگی هەشت داوای زیاتر لە ترلیۆنێک دیناری لە بەغدا کردبوو، تاوەکو ئێستاش، بەغدا بڕیاری خەجکردنی ئەو بڕە پارەیەی داوە، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر لیستی مووچە بڵاو ناکاتەوە.













گەلەری