سەردێڕ:

بانکی ناوەندی: هاوڵاتیان دەتوانن لەڕێگەی مۆبایلەوە مامەڵە داراییەکان ئەنجام بدەن

PM:05:05:25/09/2024

1232 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، پلانی گۆڕینی مامەڵە داراییەکان لە نەختینەوە بۆ دراوی دیجیتاڵی و سیستمی پارەدانی ئەلکترۆنی لە عێراق سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە. دەشڵێت، " بەگوێرەی پلانێک لە داهاتوودا هاوڵاتیان دەتوانن لەڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە مامەڵە داراییەکانیان لە بانکە دیجیتاڵییەکانەوە ئەنجام بدەن".


ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لە ئەنجامی بەردەوامی هەوڵەکان، رێژەی گۆڕانکاری لە سیستەمی دارایی بەتایبەت گۆڕینی مامەڵەکان لە نەختینەوە بۆ دراوی دیجیتاڵی و سیستمی پارەدانی ئەلکترۆنی لە ٢٠٪ـەوە بۆ ٤٥٪ لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیادی کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ژێرخانی پێویست بۆ بەرەوپێشبردنی هەنگاوەکانی گۆڕانکاریکردن لە سیستمی دارایی عێراق دابین کراوە.

باسی لەوەش کردووە، بەگوێرەی پلانێک لە داهاتوودا هاوڵاتیان دەتوانن لەڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە مامەڵە داراییەکانیان لە بانکە دیجیتاڵییەکانەوە ئەنجام بدەن، ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی هەوڵەکانی ساختەکاری لە مامەڵەکاندا.

ئەوەشی خستە روو، لە ئێستادا بانکی ناوەندی کار لەسەر داواکاری ٦٠ بانکی دیجیتاڵی دەکات بۆ کارکردن لەگەڵ بانکەکە، دوای ئەنجامدانی پشکنین و دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو بانکانە مەرجە پێویستییەکانیان تێدایە مۆڵەتی کارکردنیان پێدەدرێت.

وتیشی، پێدانی مۆڵەت بەو بانکانە و کارکردنیان لەگەڵ بانکی ناوەندی رۆڵێکی کاریگەری دەبێت لەسەر بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییە داراییەکان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر عەلی عەلاق ئاماژەی بەوە کردبوو، نزیکەی ٧٠ بانکی دیجیتاڵیی جیهانی داواکاری مۆڵەتیان پێشکەش بە بانکی ناوەندی کردووە و داواشیان کردووە بەشداربن لە پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووریی دیجیتاڵیی عێراق.













گەلەری