سەردێڕ:

بەهۆی نقومبوونی بەلەمەکەیان؛ سێ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و ٢٠ـی دیکە بێسەروشوێنن

PM:03:26:23/09/2024

5640 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی یۆنان بڵاویان کردەوە، بەیانی ئەمڕۆ بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک دوورگەیەکی یۆنان نوقم بووە، بەوهۆیەشەوە، تا ئێستا سێ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٢٠ کۆچبەریش بێسەروشوێنن.


ئەمڕۆ دووشەممە، میدیاکانی یۆنان بڵاویان کردەوە، لە دورگەی سامۆسی یۆنان بەلەمێکی کۆچبەران کە دەیان کۆچبەری تێدا بووە نقوم بووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، تا ئێستا تەرمی سێ کۆچبەری ناو بەلەمەکە دۆزراونەتەوە و ٢٥ کۆچبەری دیکەش بێسەروشوێنن.

هاوکات، پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنانیش رایگەیاند، تا ئێستا پێنج کۆچبەر رزگار کراون و گەڕان بۆ رزگارکردنی کۆچبەرەکانی دیکە بەردەوامە.

هەر لەو بارەیەوە، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە یۆنان باسی لەوە کردووە، دوای ئەوەی پۆلیسی کەناراوییەکانی یۆنان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، پێنج کەسیان لە کۆی ٣٣ سەرنشینی بەلەمەکە رزگار کردووە، تەرمێ سێ کەسیان دۆزیوەتەوە کە هەرسێکیان ئافرەتن، یەکێکیان کچێکی تەمەن ١٠ ساڵ و یەکێکی دیکەشیان ١٢ ساڵە.













گەلەری