سەردێڕ:

رێگە نەدرا شاندی هەرێم بچێتە بەغدا و لیستی مووچە لەگەڵ خۆیدا ببات

AM:09:19:23/09/2024

15804 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتێکدا بڕیار بوو شاندێکی هەرێم بچێتە بەغدا بۆ بردنی لیستی مووچە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، تاوەکو ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەر هیچ ویستێکی نییە بۆ ناردنی لیستی مووچەی مانگی هەشت بۆ بەغدا و دەیەوێت دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت و نۆ بخاتە مانگی ١٠ و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاریبهێنێت.


بەگوێرەی زانیارییەکان حکومەتی کاربەڕێکەر ناردنی شاندەکەی بەمەبەست دواخستووە و دەیەوێت لەکاتی بانگەشەدا دابەشکردنی دوو مووچەی مانگی هەشت و نۆ بە مووچەخۆران بفرۆشێتەوە، لەکاتێکدا دەبوو ئەو دوو مووچەیەیان لەمێژە وەربگرتایە و مووچەی مانگی ١٠یان پێبدرایە.

دوای ئەوەی حکومەتی عێراق رەتیکردەوە پارەی دیکە بۆ مووچەی مانگی هەشت بنێرێت، دوێنێ وەزارەتی دارایی بەبێ وەزیری دارایی کۆبووەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە پارەی مووچەدا هەیە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ٢٨ی مانگی رابردوودا، حکومەتی عێراق ٥٥٠ ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی هەشت نارد بۆ هەرێم، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر بۆ مووچەی مانگی حەوت بەکاریهێناوە.

نزیک دەبینەوە لە مانگی ١٠ مووچەخۆرانی هەرێم هێشتا مووچەی مانگی هەشت و نۆیان وەرنەگرتووە، تاوەکو ئێستاش حکومەتی کاربەرێکەر لیستی موچەی ڕەوانەی بەغدا نەکردووە، بەڵام دوێنێ بەغدا ٥٧٢ ملیار دیناری وەک تەواوکاری موچە بۆ مانگی هەشتی مووچەخۆران خستە سەر هەژماری بانکی هەرێم.

بە گەیشتنی پارەکەی بەغداش حکومەتی کاربەڕێکەر پارەی زیاتر لە مووچەیەکی لەبەردەستە و ئامادە نییە دەست ببات بۆ داهاتی ناوخۆ و مووچەی پێدابەش بکات.

داهاتی ناوخۆی تەنها یەک مانگی هەرێم ٤٥٢ ملیار دینارە و لە هەشت مانگی رابردووشدا زیاتر لە سێ ترلیۆن و ٦٠٠ ملیار دیناری دەستکەوتووە، بەڵام کەس نازانێت بۆ کوێ دەچێت. بۆیە بە پارەکەی بەغدا و داهاتی تەنها یەک مانگی ناوخۆ دەتوانرێت بە ئاسانی مووچە دابەش بکرێت.
هـ.ئـ













گەلەری