سەردێڕ:

دەکرێت مۆبایلە زیرەکەکان هاوشێوەی ئامێرەکانی پەیجەر بتەقنەوە؟

AM:12:04:18/09/2024

13208 جار خوێندراوەتەوە

دوای تەقینەوەی سەدان ئامێری پەیوەندی کە بە 'پەیجەر' ناسراون لە لوبنان و گیانلەدەستدانی ١١ کەس و برینداربوونی چوار هەزار کەس، ئەو پرسیارە لای بەکارهێنەرانی مۆبایلە زیرەکەکان دروست بووە کە ئایا دەکرێت ئەو مۆبایلانەش هاوشێوەی پەیجەرەکان بتەقنەوە؟


بە بڕوای شارەزایان رووداوێکی وەک رووداوی تەقینەوەی ئامێرەکانی "پەیجەر" لە لوبنان، بەو قەبارەیە ئەستەمە روو بدات لە مۆبایلە زیرەکەکاندا.

شارەزایانی مۆبایلە زیرەکەکان ئاماژە بەوە دەکەن، تەقینەوەی لەو جۆرە دەگمەنە، هەرچەندە کێشە لە هەموو جۆرە ئامێرێکدا دروست دەبێت، بەڵام روودانی لە مۆبایلە زیرەکەکاندا بەهۆی ئەو میکانیزمە سەلامەتیانەی تیایاندا جێگیر کراوە، ئەستەمە روو بدات.

مۆبایلە زیرەکەکان لە کاتی زۆر گەرمبوونی پاترییەکەیاندا، بەهۆی ئەو سیستمانەی تیایاندا جێگیر کراوە، مۆبایلەکە راستەوخۆ دەکوژێنێتەوە و رێگری دەکات لە بەکارهێنانی.

زۆرێک لەو ئامێرە کۆنانەی وەک "پەیجەر" تایبەتمەندی سەلامەتی پێشکەوتوویان تێدا بەدی ناکرێت، لە کاتێکدا دەستکاریکردنێک وەک جێگیرکردنی نەرمەواڵایەکی خراپ یاخود کێشەیەک لە خودی ئامێرەکەدا رووبدات زیاتر ئەگەری خراپبوونی هەیە.

ئامێری پەیوەندی "پەیجەر" چیە؟

پەیجەر کە بە بیپەر یان بلیپەر ناسراوە، ئامێرێکی پەیوەندییە بێتەلەکانە کە پەیامی ئەلفوبێی ژمارەیی یان دەنگی وەردەگرێت و پیشانی دەدات. دوو جۆری هەیە، یەکەمیان (تاکڕەو) کە تەنها دەتوانن پەیامەکان وەربگرن، دووەمیان (جووتڕەو) کە دەتوانن بە بەکارهێنانی راگوێزەرێکی ناوخۆیی دان بە پەیامەکاندا بنێن و وەڵامیان بدەنەوە و سەرچاوەیان بگرن.

پەیجەر ئامێرێکی بچووکی ئەلیکترۆنییە کە بەکاردێت بۆ وەرگرتنی نامەی کورت یان ئاگادارکردنەوە (نۆتیفیکەیشن) بەبێ ئەوەی پێویستی بە هێڵی ئینتەرنێت هەبێت. پێش ئەوەی مۆبایل بە شێوەیەکی بەرفراوان بەردەست بێت، لە ساڵانی نەوەدەکان و سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ وەک ئامڕازێکی سەرەکی پەیوەندیکردن بەشێوەیەکی باو بەکاردەهێنرا.

پەیجەرەکە بە سادەیی کاردەکات، بەکارهێنەران کۆدێک دەخەنە ناو ئامێرەکەوە، کە دەگوازرێتەوە بۆ ناوەندێکی وەرگر یان سیستەمێک کە ئاگادارکردنەوەیەک بۆ پەیجەرەکە دەنێرێت. پەیجەر دەتوانێت نامەی کورت یان ئاگادارکردنەوەی کورت پیشان بدات و لە هەندێک مۆدێلدا بەکارهێنەران دەتوانن وەڵامی نامەکان بدەنەوە یان پەیوەندی بە ژمارەیەکی دیاریکراو بکەن.

هەرچەندە بەکارهێنانی پەیجەرەکان لەگەڵ هاتنی مۆبایلە زیرەکەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەڵام هێشتا لە هەندێک بوارە تایبەتمەندەکاندا بەکارهێنانیان ماوە، وەک نەخۆشخانە و دامەزراوەکانی چاودێریی تەندروستی، کە بەکاردێن بۆ ئاگادارکردنەوە خێرا و متمانەپێکراوەکان.













گەلەری