سەردێڕ:

حکومەتی کاربەڕێکەر لە لیستی مووچەی مانگی هەشتدا گرفتێکی نوێی دروست کردووە

AM:09:40:17/09/2024

17340 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ شاندی وەزارەتی دارایی عێراق و حکومەتی کاربەڕێکەر لەبارەی لیستی مووچەی مانگی هەشتەوە کۆدەبنەوە. دەشڵێت، "هەرێم ساڵێکە مووچەی ئەو فەرمانبەرانە وەردەگرێت کە مۆڵەتی بێ مووچەیان کردووە".


ئەمڕۆ سێشەممە، ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی وت، شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق و حکومەتی کاربەڕێکەر لەبارەی لیستی مووچەی مانگی هەشتەوە کۆدەبنەوە و هەرێم سەرەڕای دواخستنی لیستە داوا دەکات مووچەی مانگی نۆش بەو لیسەتە بنێردرێت.

باسی لەوەش کرد، هەرێم ئەمجارە گرفتێکی نوێی لە لیستی مووچەی مانگی هەشتدا دروست کردووە ئەویش لە ناوی ئەو مووجەخۆرانەیە لە مۆڵەتی بێ مووچەیان کردووە.

ئەوەشی خستە روو، ماوەی ساڵێکە هەرێم ناوی هەزاران موچەخۆری لە لیستی مووچەدا ناردوووە بۆ بەغدا و پارەی مووچەکەی وەرگرتوون بەبێ ئەوەی بەغدا بزانێت ئەم مووچەخۆرانە مۆڵەتی بێ مووچەیان کردووە.

دوێنێش، عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێدا بۆ ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەفتەیە ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگی هەشت ئەستەمە و دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو.

لەبارەی سەردانەکەی لیژنەکەش بۆ هەرێم عەتوان عەتوانی ئەوەی خستە روو، ئەم سەردانەی لیژنەی دارایی سەردانێکی هونەرییە بۆ پێداچوونەوەی رێککەوتنەکانی رابردووی نێوان هەرێم و بەغدایە و لیژنەی دارایی رۆڵی گرنگی هەبووە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێم و عێراق لەبارەی بەبانکیکردنی مووچە و داهاتی ناوچە سنوورییەکان و باج.

راشیگەیاند، کاری لەپێشینەی لیژنەی دارایی زامنکردنی مووچەی مووچەخۆرانە و دەیانەوێت بەشێکی زۆری مووچە لە داهاتی نانەوتی و ناوخۆ بدەن و تەنها ئەگەر کەمی هەبوو لە داهاتی نەوتی پڕی بکەنەوە تاوەکو مووچە کاریگەر نەبێت بە داهاتی نەوت.

لەبارەی هاوتاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیشەوە باسی لەوە کرد، لە کۆبوونەوەی پێشووی حکومەتی کاربەڕێکەر و بەغدا باس لەو پرسە کراوە و لە ئێستادا لە دەستی هەرێمدایە و دەبێت پابەند بێت بە مەرجەکانی بەغدا و لیژنەی داراییش لەم کۆبوونەوەیەدا باسی ئەو پرسە و رێگرییەکانی بەردەمی دەکەن.

رۆژی یەکشەممە، بەرپرسێکى حکومەتى کاربەڕێکەر رایگەیاند، رەنگە هەفتەى داهاتوو شاندێکی حکومەت بچێتە بەغدا و لیستی مووچە لەگەڵ خۆیان ببەن بەوەش هەرێم دووبارە ناردنی لیستی مووچەی بۆ بەغدا دواخست.

هاوکات، سەڵاح بوشی، راوێژکاری دارایی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، حکومەتی عێراق هەموو ئامادەییەکی بۆ چارەسەری کێشەی مووچەی هەرێم دەربڕیوە، چارەسەری کێشەکەش، لە ئێستادا لای هەرێمە.

نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر، حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند بڕیاریان داوەلە نزیکترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا کە دەکاتە ئەم هەفتەیە،لیستی نوێی راستکراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و ژمارەی وەزیفیان رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکرێت و لە بەرامبەردا حکومەتی فیدڕاڵ تەواوکاریی مووچەی مانگەکانی پێشوو بنێرێت کە خەرجکردنی راگیرابوو، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی هەشت لە هەرێم دابەش بکرێت و ئامادەکاریی پێویستیش بۆ مووچەی مانگی ٩ هاوتای مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بکرێت.













گەلەری