سەردێڕ:

راوێژکاری دارایی سودانی: نرخی دۆلار سەقامگیر دەبێت و بەهای دینار بەرزتر دەبێتەوە

PM:06:39:16/09/2024

1292 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی نەبوونی خستنەڕووی دۆلار و پشووی هەفتانەی بانکی ناوەندی نرخی دۆلار لەبازاڕەکانی هەرێم وعێراق بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، لەو بارەیەشەوە راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە ئاستێکی مەترسیداردا نییە و بەهای دینار بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت.


ئەمڕۆ دووشەممە، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەو رۆژانەی کە پشووە و بانکی ناوەندی هیچ خستنەڕوویەکی نییە، مەترسیدار نییە و دۆخێکی ئاساییە بۆ بازاڕەکانی عێراق وهەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی رێکارەکانی بانکی ناوەندی، دراوی نیشتیمانی بەرامبەر بە دۆلار بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام پێویستی بە کات هەیە بەهۆی ئەوەی دۆخی ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاری جیۆسیاسیدایە و ئەوەش کاریگەری لەسەر دۆخی عێراق کردووە.

بەگوێرەی بەدواداچونێکی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار وگەڕانەوەی بۆ ١٥٠ هەزار دینار بەهۆی کۆمەڵێک بازرگانەوەیە، لە میانەی بەرزبوونەوەی خواستی بازرگانان بۆ دۆلاری کاش و گەڕانەوەیان بۆ نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو ،دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار.

رۆژانی هەینی و شەممە بەهۆی ئەوەی خواستی هاوڵاتیان و بازرگانان بەرێژەی ٢٥٪ بۆ کڕینەوەی دۆلار زیاد دەکات، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە جیاوازی ١٠٠ بۆ ٣٠٠ دینار بەراورد بە هەفتەی پێشتری دروستبکات.

بانکی ناوەندی لەرێگای بانکی هەناردە و هاوردەکردنەوە، کە لەعێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و دووبانکی تایبەت دەبن بە بازرگانانی ناوخۆو جیهانی، بەردەوام دەستیان بە دۆلاری حەواڵە دەگات و ئەوەش وادەکات بگەڕێنەوە بازاڕەکانی ناوخۆ بۆ کڕینەوەی دینار و لەبەرامبەردا بەهای دینار بەرزتردەبێتەوە.













گەلەری