سەردێڕ:

ئەمریکا: لەم مانگەدا هاوکاری نوێ بۆ ئۆکرانیا ئامادە دەکەین

PM:05:17:15/09/2024

1172 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی رایگەیاند، لە مانگەدا سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی ئۆکرانیا کۆدەبنەوە و تاوتوێی ستراتیژی جەنگی ئۆکرانیا دەکەن واشنتۆن کار لەسەر پاکێجێکی نوێ و گەورەی یارمەتییەکان دەکات بۆ ئەو وڵاتە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، جەیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمریکا و ئۆکرانیا پێویستیان بە ستراتیجییەکی گشتگیرە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ و لە سەردانەکەی ئەم مانگەیدا ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی ستراتیجییەکی لەو جۆرە پێشکەش بە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا دەکات.

باسی لەوەش کردووە، لە ئێستادا ئەمەریکا ئامانجی ئامادەکردنی پاکێجێکی یارمەتی گەورەیە، کە چەکی هەمەچەشن لە خۆدەگرێت.

 

لایخۆشییەوە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئەوەی خستە روو، لە دیداری ئەمجارەیدا لەگەڵ باید پلانی سەرکەوتنی ئۆکرانیا پێشکەش بە ئەمریکا و کاندیدانی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، زیاتر لە دوو ساڵە جەنگی نێوان ئۆکرانیا و روسیا بەردەوامە و رۆژی هەینی، سوپای روسیا رایگەیاند، ئۆکرانیا بە ٢٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە و سەرجەمیان خراونەتە خوارەوە.

هەفتەی رابردووش، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرساندا کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی هاوکارییە بەرگرییەکەی نێوان ئەمریکا و پۆڵەندا و پشتیوانییەکان بۆ ئۆکرانیا.

پێشتریش،بۆ دەربڕینى پشتیوانى بۆ ئۆکرانیا لە شەڕى دژ بە رووسیا، وەزیرى دەرەوەی ئەمریکا و بەریتانیا سەردانى کیێڤیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.













گەلەری