سەردێڕ:

هێزەکانی فەرەنسا لە چاد دەکشێنەوە

PM:04:28:21/12/2024

2256 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ هەینی، فەوجێکی ١٢٠ سەربازی فەرەنسی چادیان بەجێهێشت، ئەمەش دەستپێکی کشانەوەی هێزەکانی فەرەنسا بوو لە یەکێک لە دوایین کۆلۆنیەکانی پێشوو کە تا ئێستاش ئامادەیی سەربازیی لەوێ پاراستووە.


ئەمڕۆ شەممە، ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، بینراوە کە هێزەکانی فەرەنسا سواری فڕۆکەکەیان بوون و فڕۆکەخانەی نجامێنایان بەجێهێشت، ئەمەش دوای بڕیارە لەناکاوەکەی چاد لە ٢٨ی ئەم مانگەدا بۆ کۆتاییهێنان بە رێککەوتنی هاوکاری بەرگری لەگەڵ پاریس.

ئەم هەنگاوەی فەرەنسا دوای ئەوە دێت کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا فەرەنسا هێزەکانی لە مالی و بورکینا فاسۆ و نیجەر کشاوەتەوە، سەرەتای ئەم مانگە پڕۆسەی کشانەوەکە بە فەرمی دەستیپێکرد بە رۆیشتنی دوو فڕۆکەی جەنگی میراجی فەرەنسی لە ١٠ی کانوونی دووەمدا.

ئایا هیچ هێزێکی فەرەنسی لە وڵاتی ئەفریقای ناوەڕاستدا دەمێنێتەوە یان نا، تا ئێستا رێکنەکەوتوون، بەڵام یەکەمین فڕۆکە جەنگییەکانی میراج رۆژی سێشەممە گەڕاونەتەوە بنکەکەیان لە رۆژهەڵاتی فەرەنسا.

عەقید گویلۆم ڤێرنێت وتەبێژی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، "ئەمە سەرەتای گەڕانەوەی ئامێرە فەرەنسییەکانە کە لە شاری نجامێنا جێگیرکراون".

ئاماژەی بەوەشکرد، دانانی خشتەی کاتی بۆ کەمکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان چەند هەفتەیەکی دەوێت تا هەردوو وڵات بتوانن کۆتایی پێبهێنن، هێشتا فەرەنسا نزیکەی هەزار سەربازی لە چاد جێگیرە و پێشبینی دەکرێت کشانەوەی تەواو چەند هەفتەیەک بخایەنێت.

چاد (بە ئینگلیزی:chad) وڵاتێکە سەربە کیشوەری ئافریقا و یەکێکە لە وڵاتە گەورە رووبەرەکان کە رووبەرەکەی ٢٨٤٠٠٠ کیلۆمەتری دووجایە، پایتەختی ئەم وڵاتە لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکەیە بە ناوی نجامێنا، زمانی سەرەکی ئەوان عەرەبی و فەرەنسیە و شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات کۆمارییە.













گەلەری