سەردێڕ:

لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٤٥ کۆچبەر لە کەناڵی ئینگلیزدا خنکاون

PM:12:36:15/09/2024

1212 جار خوێندراوەتەوە

بە وتەی بەرپرسانی بەریتانیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٤٥ کۆچبەر لەکاتی پەڕینەوەیان بە نایاسایی لە کەناڵی ئینگلیزدا خنکاون، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو رێژەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.


بەرپرسانی بەریتانیا ئاماژەیان بەوەش کردووە، هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٢٢ هەزار کۆچبەر لەڕێگەی پەڕینەوەیان بە کەناڵی ئینگلیزدا بە شێوەیەکی نایاسایی، گەیشتوونەتە خاکی بەریتانیا.

لە دوایین رووداویشدا، ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا رایانگەیاند، لە ئەنجامی وەرگەڕانی بەلەمێکی کۆچبەران لەکاتی پەڕینەوەیان بە کەناڵی ئینگلیزدا لە فەڕەنساوە بۆ بەریتانیا، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان هەشت کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٤٠ کۆچبەریش رزگار کراون.

بە وتەی دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا، رووداوەکە لە کەناراوەکانی ئەمبلێتوس لە ناوچەی پا دی کالێ لە باکووری فەڕەنسا روویداوە.

ئەم رووداوە، دوای کەمتر لە دوو هەفتە لە وەرگەڕانی بەلەمێک دێت لە کەناراوەکانی لی پۆرتێل کە نزیکەی ٤٥ کیلۆمەتر لە شاری کاڵاسی فەڕەنساوە دوورە، کە بەهۆیەوە ١٢ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٥٠ کۆچبەریش رزگار کران.

کەناڵی ئینگلیز یەکێکە لە مەترسیدارترین رێگاکانی کۆچکردنی نایاسایی دادەنرێت کە کۆچبەران بۆ گەیشتن بە خاکی بەریتانیا پەنای بۆ دەبەن و ساڵانە چەندین کۆچبەر لەو رێگایەدا گیان لەدەست دەدەن و بێسەروشوێن دەبن. وڵاتانی ئەوروپاش بەردەوام لە هەوڵی زیاتر توندکردنەوەی رێکارەکانیانن بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی لە رێگا مەترسیدارەکانی وشکانی و دەریاییەوە.


 













گەلەری