سەردێڕ:

ساڵی ٢٠٢٥ فڕۆکەخانەیەکی ئیمارات دەبێتە یەکەم فڕۆکەخانە کار بە بەڵگەنامەی گەشتیار نەکات

فڕۆکەخانەی زاید لە ئەبوزەبی
PM:08:08:14/09/2024

2664 جار خوێندراوەتەوە

لە هەنگاوێکی بێ وێنەدا، ساڵی ٢٠٢٥ فڕۆکەخانەی ئەبوزەبی لە ئیمارات ئەزمونێکی نوێ لە بواری گەشتکردن پەیڕەو دەکات، کە تیایدا کار بە بەڵگەنامەکانی گەشتیار ناکرێت و پڕۆسەکەش لەڕێگەی زیرەکی دەستکردەوە بە چەند چرکەیەک بەڕێوە دەچێت.


چیتر لە فڕۆکەخانەیەکی ئیمارات پێویست بە مانەوە و سەرەگرتن ناکات بۆ ماوەیەکی درێژ تا چێکی داتا و زانیارییەکانی گەشتیار بکرێت، چونکە لە ساڵی داهاتووەوە پڕۆسەکە بە تەنیا لە حەوت چرکەدا ئەنجام دەدرێت.

لە ساڵی ٢٠٢٥ ـەوە فڕۆکەخانەی (زاید) لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات ئەزمونێکی نوێ لە چۆنێتی گەشتکردن پەیڕەو دەکات کە تیایدا کار بە بەڵگەنامەی گەشتیار ناکات و پشتیان پێنابەستێت.

لەو نێوەندەدا فڕۆکەخانەکە کە دەبێتە پێشەنگ لەسەر ئاستی جیهان، پشت بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دەبەستێت، وەک زیرەکی دەستکرد و دانانی ئامێری هەستیاری بایۆمێتری بۆ ناسینەوەی روخسار و پێناسی گەشتیارەکان لە سەرجەم خاڵەکانی پشکنین لە فڕۆکەخانەکە، کە وادەکات رۆتین نەمێنێت و گەشتی ئاسمانی زۆر ئاسان بێت.

ئەو تەکنەلۆجیایەش بەندە بە بەستنەوەی سیستەمەکانی فڕۆکەخانەی زاید بە داتاکانی ناسنامە و رەگەزنامە لە ئیمارات، ئەوەش وادەکات بەشێوەی ئۆتۆماتیکی دەستبەجێی دڵنیابوون لە ناسنامەی گەشتیاران بکرێت و ئەگەر بێ کێشە بێت رێگەی تێپەڕبوونیان پێبدرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە، تەکنەلۆجیاکە لە ئێستادا لە هەندێک بەش لە فڕۆکەخانەی زاید بەکاردەهێنرێت، بەتایبەتی بۆ ئەو گەشتانەی لەلایەن هێڵی ئاسمانی (ئیتیحاد) بەڕێوە دەبرێن، وەک لە کاتی چوونە ناو فڕۆکە و رادەستکردنی جانتاو کەلوپەلەکان، بەڵام پڕۆژە نوێیەکە تەکنەلۆژیاکە گشتگیر دەکات و هەموو قۆناغەکانی تری گەشتکردن لەخۆدەگرێت کە بریتین لە لێکۆڵینەوە لە ڤیزا و تکت و سەرجەم بەڵگەنامەکانی گەشتکردن، کە تەنیا بە ٧ چرکە ئەنجام بدرێت.

بە وتەی ئەندرۆ مێرفی، بەرپرسی سەرەکی زانیاری لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی زاید، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و لەڕێگەی ناسینەوەی دەموچاو یان چاوەوە پێناسی سەرنشینەکان دەناسرێنەوە.

بەو پێیەش بێت، داتای بایۆمێتری هەر کەسێک کە بۆ یەکەمجار دەگاتە ئیمارات، جا دانیشتووی ئەو وڵاتە بێت یان گەشتیار، داتاکانی لەلایەن دەسەڵاتی فیدراڵی بۆ ناسنامە و رەگەزنامە و گومرگ و ئاسایشی بەندەرەکان کۆدەکرێتەوە، کە سیستەمی فڕۆکەخانە کەڵکی لێ دەبینێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیاری سەرنشینەکان لە کاتی تێپەڕبوونیان بە خاڵەکانی پشکنین.

ئەوە لە کاتێکدایە، ژمارەیەک لە فڕۆکەخانەکانی ئەوروپاش دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی سیستەمی هاوشێوە لەسەر ئاستێکی بچووک، بۆ نموونە لە ئیتاڵیا تاقیکردنەوە لەسەر سیستەمی فەیس بۆردینگ ( Face Boarding) دەکرێت، کە پشت بە ناسینەوەی دەموچاو دەبەستێت، هەروەها یەکێتی ئەوروپا ئامادەکاری دەکات بۆ بەکارهێنانی سیستەمی ئی ئێس"ES " بۆ تۆمارکردنی چوونەناوەوەی سەرنشینەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی.













گەلەری