سەردێڕ:

لە ڤێتنام ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی زریانەوە ٢٥٠ کەسی تێپەڕاند

PM:10:30:13/09/2024

1424 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی ڤێتنام رایگەیاندووە، لە ئەنجامی ئەو زریانە بەهێزەکەی کە لە ٥ و ٦ـی ئەم مانگەوە رووی لە وڵاتەکە کردووە و لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا گەیشتە کەناراوەکانی باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، ژمارەی گیانلەدەستدان ٢٥٠ کەسی تێپەڕاندووە.


هاوکات، بەپێی ئامارەکانی دەزگای بەڕێوەبردنی کارەساتەکان لە ڤێتنام، تا ئێستا بەهۆی زریانەکەوە زیاتر لە ٨٢٠ کەس بریندار بوون و ٨٢ کەسیش بێسەروشوێنن.

دەزگاکە ئاماژەی بەوەش کردووە، گەڕان بەشوێن ئەو کەسانەی کە بێسەروشوێن بوون بەهۆی زریانەکەوە لەلایەن تیمە پەیوەندیدارەکانەوە بەردەوامە.

باسی لەوەش کردووە، لە گوندێکی پارێزگای "لاو کای" کە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای ڤێتنام، ١١٥ کەس کە پێشتر خرابوونە لیستی ئەو کەسانەی بێسەروشوێنن بوون بەهۆی زریانەکەوە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو رۆژ خۆیان لەبن شاخێکدا حەشاردابوو بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە رۆژی ٥ و ٦ـی ئەم مانگەوە زریانێکی بەهێز رووی لە وڵاتی ڤێتنام کردووە کە بە بەهێزترین زریانی ئەمساڵ لە کیشوەری ئاسیادا دادەنرێت، زریانەکە جگە لەوەی تا ئێستا زیانی گیانی زۆری لێکەوتووەتەوە، هۆکار بووە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی چەند رووبارێک بەشێوەیەکی مەترسیدار لە باکووری ڤێتنام و بڕینی کارەبای ملیۆنان ماڵ و شوێنی بازرگانی و ژێرئاوکەوتنی بەشێکی زۆری رێگاوبانەکان، ئەوە جگە لەوەی تۆڕەکانی پەیوەندیشی لە چەند ناوچەیەک پەکخستووە و هەزاران دار لە رەگەوە هەڵکەنراون.













گەلەری