سەردێڕ:

فرۆشی هەفتانەی بانکی ناوەندی زیاتر بووە لە رێژەی پێویستی بازاڕەکان

PM:09:10:13/09/2024

1720 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی راپۆرتی رۆژانەی بانکی ناوەندی کە تیایدا ئاستی فرۆشی دۆلار بە هەردوو شێوەی حەواڵە و کاش ئاشکرا کرابوو، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بەڕێژەی ٨٪ زیاتر لە پێویستی بازاڕەکانی ناوخۆ دۆلار بۆ هەر جۆرێکی فرۆشی بانکەکە بە بە بازرگانان و بانکەکان فرۆشراوە.


ئەمڕۆ هەینی، بانکی ناوەندی لە پێگەی تایبەت بە خستنەڕووی دراوی بیانی کە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی لەڕێگای کۆکردنەوەی داتاکانەوە بۆی دەرکەوتووە، لەماوەی پێنج رۆژی ئەم هەفتەیەدا بڕی یەک ملیار و ٢٨٢ ملیۆن و ٢٢٦ هەزار و ٩٢٦ دۆلار بە نرخی فەرمی بانکەکە بە سەرجەم لایەنە رێگەپێدراوەکان فرۆشراوەتەوە.

هاوکات لە ئێستادا بانکە رێگەپێدراوەکان و بازرگانانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و گەشتیارانی عێراق خواستیان بۆ بەدەستهێنانی دۆلار بەراورد بە هەشت مانگی رابردوو بەرێژەی ٢٠٪ بەرزتر بووەتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، ئاستی فرۆشی کاش ٦٦ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلار بووە کە بەراورد بە خواستی ناوخۆ پێنج ملیۆن و ٣٥٢ هەزار دۆلار زیاترە و بەوەش تواندراوە بەڕێژەی ٨٪ زیاتر دۆلاری کاش بۆ گەشتیاران دابین بکەن.

بانکەکە بڕی یەک ملیار و ٢١٥ ملیۆن و ٣٢٦ هەزار و ٩٢٦ دۆلار بۆ مامەڵە داراییەکانی عێراق و بازرگانان تەرخان کردووە، بەراورد بە خواستی بازرگانان بڕی ٩٧ ملیۆن و ٢٢٦ هەزار و ١٥٤ دۆلار زیاتر بەشێوەی حەواڵە خراوەتە بازاڕەکانەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەلایەن بانکی ناوەندییەوە لە نێوان رۆژانی ٨ بۆ ١٢ـی ئەیلول رۆژانە بە تێکڕا، ٢٥٦ ملیۆن و ٤٤٥ هەزار و ٣٨٢ دۆلار بەشێوەی کاش و حەواڵە بە نرخی فەرمی فرۆشراوەتەوە، کە لەو رێژەیە ١٠ ملیۆن دۆلاری لەلایەن بانکەکانی سیستمی چاکسازییەوە فرۆشراونەتەوە.













گەلەری