سەردێڕ:

لیژنەی دارایی: مەرجی ناردنی پارەی مووچە بەبانکیکردنییەتی

PM:03:43:13/09/2024

22932 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، چۆن مووچەی مووچەخۆرانی عێراق لە بودجەدا پارێزراوە، بە هەمان شێوەش مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم پارێزراوە. دەشڵێت، "پێویستە حکومەتی هەرێم دەست بە پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی بکات چونکە بەبانکیکردن مەرجی ناردنی پارەی مووچەیە".


ئەمڕۆ هەینی، مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی مووچەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق دڵنیایی پێداون کە ناردنی مووچەی مووچەخۆران بەهۆی کێشەی نەختینەوە نییە و بەتەواویش مووچەکانیان پارێزراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، تەنها بەهۆی حکومەتی کاربەڕێکەرەوەیە، کە چەندین مانگە نەیتوانیوە لیستێکی راست و دروست رەوانەی بەغدا بکات.

پێشتریش، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم پارێزراوە و لە نزیکترین وادەدا مووچەکانیان خەرج دەکرێت. وتیشی، " بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دراوە و تا کۆتایی ساڵ بەبێ هیچ گرفتێک مووچەکانیان رەوانە دەکرێت".

لە دوای بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراقەوە حکومەتی کاربەڕێکەری پارتی و یەکێتی مانگانە کێشە بۆ مووچە و لیستی مووچە دروست دەکات، دواین بڕیاریشیان ئەوەیە کە تا ئەم دوومانگەی هەڵبژاردن لیستەکە دەدەنە بەغدا و کێشەی لیستی مووچە بۆ دوای هەڵبژاردن دوادەخەن، ئەمەش مەترسی هەیە ئەگەر لە هەڵبژاردن دەربچنەوە کێشەکە قوڵتردەکەنەوە و مووچە بە یەکجاری لە بەغداوە نایەت.













گەلەری