سەردێڕ:

دوایین زانیارییەکان لەبارەی مووچەی مانگی هەشت

PM:01:24:12/09/2024

78900 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی بڕیار بوو ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی هەشت بۆ بەغدا بنێردرێت و لە هەفتەی داهاتووەوە بەغدا دەست بکات بە وردبینی و ناردنی مووچەی مووچەخۆران، حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستەکە دەنێرنە بەغدا.


پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا ئەوەی خستەڕوو، ئەوەی ماوەتەوە لەبارەی مووچەوە لەلای حکومەتی کاربەڕێکەرە بۆئەوەی چی زووترە لیستی مووچە بە دروستی بنێرێت بۆ بەغدا و بەغداش پارەی مووچەی مانگی هەشت بنێرێت بۆ هەرێم.

ئەو پارەیەی بڕیارە بنێردرێت زیاترە لە ترلیۆنێک و ٣٠٠ ملیار دینار و ئەوەش بەشی مووچەی مانگی هەشت و نۆی مووچەخۆرانی هەرێم دەکات.

ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەگەڵ مووچەی مانگی حەوتدا عێراق ٥٥٠ ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی هەشت نارد، بۆیە ئەوەی ماوەتەوە بینێرێت ئەو ترلیۆن و ٣٠٠ ملیار دینارەیە کە بەشی مووچەی مانگەکانی هەشت و نۆی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم دەکات، چونکە بۆ هەر مانگێکی مووچەی مووچەخۆران، حکومەتی کاربەڕێکەر پێویستی بە کەمتر لە یەک ترلیۆن دینارە.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، ئێستا چارەنووسی وادەی دابەشکردنی مووچە لە دەستی حومەتی کاربەڕێکەردایە، چی زووتر ئەو لیستەکە ئامادە بکات و بینێرێت، ئەوا عێراق زووتر دەست بە وردبینی و ناردنی پارە دەکات.

ئەوەی لە کۆبوونەوەی شاندی وەزارەتەکانی عێراق و ئەنجوومەنی ئابووری هەرێمدا جەختی لەسەرکراوەتەوە ئەوە بووە، هەرێم لیستێکی دروست و پاککراوە و راستکراوە بۆ عێراق بنێرێت، کە تیایدا سەرجەم ئەو ناوانەی تێبینیان لەسەرە یەکلا بکاتەوە، هەروەها ناوە دووبارەکان راستبکرێنەوە و ئەوانەشی مووچەیان لە هەرێم و لە عێراقیشدا هەیە پاکتاو بکرێن.

عێراق داواشی کردووە ئەوانەی ناویان لە لیستی مووچەدا هەیە و خۆیان لە هەرێم و عێراقدا نین یەکلا بکرێنەوە و بایۆمێتری تەواوی مووچەخۆرانی ناو لیستەکە لەبەردەستدا بێت.

پێشتریش حکومەتی عێراق داوای بایۆمێتری مووچەخۆرانی کردبوو، بۆ ئەو مەبەستە و هاوتاکردنەوەی مووچەی خانەنشینان لە دوو هەفتەی رابردوودا داوا لە خانەنشینان کرا لە کەمترین ماوەدا بایۆمێتری ئەنجامبدەن ئەگەرنا مووچەیان پێنادرێت.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی نەناردن و دواکەوتنی لیستی مووچە پەیوەستە بە رەزامەندی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر و جێگرەکەی.

لەلایەکی دیکەوە، حکومەتی عێراق جەختی کردووەتەوە لەوەی بەبانکیکردن لە دەرەوەی هەژماری من بکرێت و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ دیاریکراوە بۆئەوەی خۆیان یەکلا بکەنەوە و دەست بە بانکیکردنی مووچەکان بکەن، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر دەیەوێت هەرچی کردووە 'هەژماری من' جێبەجێ بکات.













گەلەری