بەهۆی پەرەسەندنی کێبڕکێی بازاڕی ئۆتۆمبیلی کارەبایی چین لە ئەوروپا، کۆمپانیای بەناوبانگی پیشەسازیی ئۆتۆمبیلی فۆڵکسڤاگن بە نیازە زۆرێک لە کارگەکانی لە ئەڵمانیا و چەند ناوچەیەکی تر دابخات، بەوپێیەی فرۆشی ئۆتۆمبێلەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
دوای ٨٧ ساڵ لە لوتکەی شکۆمەندی، کۆمپانیای فۆڵکسڤاگن پلانی هەیە بەم نزیکانە و بۆ یەکەمجار لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، ژمارەیەک لە کارگەکانی لە ئەڵمانیا دابخات.
هۆکاری ئەو
داخستنانەش لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی کۆمپانیاکە و پەرەسەندنی کێبڕکێی
بازاڕی ئۆتۆمبیلی کارەبایی چینی دێت لە ئەوروپا کە بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە.
لەو چوارچێوەیەدا،
ئۆلیڤەر بلوم، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پیشەسازی ئۆتۆمبێل
لە ئەوروپا بە کاتێکی سەختدا تێدەپەڕێت و ژینگەی ئابووری بەراورد بە رابردوو سەختتر
بووە، بەوپێیەی رکابەری نوێ هاتوونەتە ناو بازاڕی ئەوروپاوە، کە ئەوەش وای کردووە
ئەڵمانیا بە تایبەتی پێگەی بەرهەمهێنان و توانای رکابەریی لەدەست بدات.
بە وتەی ئۆلیڤەر
بلوم، ئامانجی سەرەکیان لە داخستنی زۆرێک لە کارگەکانیان کەمکردنەوەی قەبارەی تێچوونەکانە،
بەڵام لە بەرانبەردا سەندیکای ئای جی مێتا، کە یەکێکە لە سەندیکا کاریگەرەکانی ئەڵمانیا، ئیدارەی
کۆمپانیاکەی بە کەمتەرخەم تۆمەتبار کرد.
لای خۆیشیەوە،
تۆماس شافەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فۆڵکسڤاگن جەختی کردەوە، پابەندن بەوەی
ئەڵمانیا وەک پێگەیەکی بازرگانی بهێڵنەوە و بە نیازن بەپەلە دەست بە گفتوگۆ بکەن لەگەڵ
نوێنەرانی کارمەندەکان بۆ ئەگەرەکانی داڕشتنەوەی پەیکەری براندەکە بازرگانیەکە، کە
رەنگە ساڵێک کاتەکەی تا دوو ساڵ بخایەنێت.
ئەوە لە کاتێکدایە،
کۆمپانیای زەبەلاحی ئۆتۆمبێلی ئەڵمانی فۆڵکسڤاگن لە کۆتایی ساڵی رابردوو دەستیکرد
بە کەمکردنەوەی تێچووەکانی بە بڕی ١١ ملیار دۆلار، هەروەها لە بازاڕەکانی چین پشکەکانی
خۆی لەدەستداوە کە گەورەترین بازاڕی ساغکردنەوەی ئۆتۆمبیلەکانی بوو، ئەوەش بەهۆی
بازاڕی گەرمی ئۆتۆمبیلی کارەبایی لەو وڵاتە.
لە ئەوروپاش، بەهەمان
شێوە هەڕەشەی گەورە بۆ سەر کارەکانی دروست بووە کە لەوێش تا دێت خواست لەسەر ئۆتۆمبیلە
کارەباییە هەرزانبەهاکانی چین زیاتر دەبێت.