دەسەڵاتدارانى هەرێم دوو مانگە مووچەیان دابەشنەکردووە، دەستیان بەسەر داهاتى ناوخۆشدا گرتووە و سەرەڕاى هاتنى پارەش لە بەغدا، ئامادە نین لیستى مووچە بڵاوبکەنەوە.
هەریەکە لە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی دەستیان بەسەر پارەکەی بەغدا گرتووە و بۆ مووچە دابەشی ناکەن، لەکاتێکدا بەغدا پێنج چەردە پارەى ناردووە کە دەکاتە ٩٥٠ ملیار دینار، بەڵام مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی دەستیان بەسەردا گرتووە و نایدەن بە مووچە.
سەرەڕاى ئەوەى کە حکومەتى کاربەڕێکەر زیاتر لە سێ ترلیۆن دینار داهاتی
ناوخۆی لە بەردەستدایە و ئامادە نییە لیستى مووچە رابگەیەنێت
فەرمانبەر و مووچەخۆرانى هەرێم دوو مانگى گەرمى هاوینى ئەمساڵیان بەبێ
مووچە تێپەڕاند، ئێستا کە لە مانگى نۆداین و دابەشکردنى مووچە لە عێراق دەستیپێکردووەتەوە،
دەسەڵاتدارانى هەرێم وەک بڵێی نە بایان دیوە و نە بۆران، هەست بە ئازار و خراپى دۆخى
ژیانى خەڵک ناکەن.
لەبارەی لیستەکەشەوە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی
راگەیاند، بە گشتی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم ٩٥٠ ملیار دیناری لەبەردەستدایە بۆ
دابەشکردنی مووچە، بەڵام تا ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە مووچەی مانگی حەوت دابەش
بکەن یان هەشت. دەشڵێت، تا ئێستا ئەگەری بڵاوکردنەوەی لیست نییە.
نزیکەی دوو مانگە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی
مانگی حەوتیان وەر نەگرتووە، عێراق دەستی کردووە بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆ،
دەستەی خانەنشینیی نیشتیمانیی عێراقیش رایگەیاند، سەرجەم رێکارەکانی خەرجکردنی
مووچەی مانگی نۆی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی تەواو کراوە و بانکەکانیان
راسپاردووە بۆ دابەشکردنی.