AM:08:38:31/08/2024
988 جار خوێندراوەتەوە
دوای بڕیارەکەی ئۆپیک بۆ دووبارە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، ماوەی چەند رۆژێکە نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە کردووە، بەڵام ئەمڕۆ بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت نزیکەی چوار دۆلار لە نرخەکەی کەمبووەتەوە و بە ٧٦ دۆلار و ٩٣ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساس بە ٧٣ دۆلار و ٥٥ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت و بەراورد بە دوێنێ، نرخەکەی نزم بووەتەوە.
لە دوو رۆژی رابردوودا نرخی نەوت بەرزبووبۆوە، کە ئەو بەرزبوونەوەیە دوای ئەوە هات، لە چەند رۆژی رابردوودا، رێکخراوی ئۆپیک بڕیاریدا، بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانە کەم بکەنەوە.
هاوکات، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، رێکخراوی ئۆپیک پڵەس، بە ئامانجی جێگیرکردنی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتیان داوە و ئەوانیش وەک وەزارەتی نەوتی عێراق، پابەندن بە سەرجەم بڕیارەکانی رێکخراوەکەوە.
ئەوەش خرابووە روو، ئەو هەنگاوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی سەرجەم ئەندامانی رێکخراوەکە و جێگیرکردنی نرخی نەوتە لە بازاڕەکانی جیهاندا