سەردێڕ:

فرۆشی بانکی ناوەندی لەم هەفتەیەدا زیاتر لە ملیارێک و ١١٣ ملیۆن دۆلار بووە

PM:06:05:29/08/2024

988 جار خوێندراوەتەوە

لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا بانکی ناوەندی تەنها چوار رۆژ فرۆشی دۆلاری هەبووە و بە تێکڕا زیاتر لە یەک ملیار و ١١٣ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی کاش و حەواڵەی دەرەکی فرۆشتووە. هاوکات، لەسەر ئاستی هەفتانە فرۆشی بانکی ناوەندی کەمی کردووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق لە سەکۆی خستنەڕووی دراوەکانەوە رایگەیاند، لە ماوەی چوار رۆژدا، لە ٢٨ تا ٢٩ـی ئاب، بە تێكڕا یەک ملیار و ١١٣ ملیۆن و ٨٢٠ هەزار و ١٠٧ دۆلاری بە بانک و بازرگانەکان بە نرخی فەرمی بانکەکە فرۆشتووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەو رێژەیە ٣٣ ملیۆن و ٨٥٠ هەزار دۆلاری بەشێوەی کاش فرۆشراوە، کەمترین رێژەی فرۆشی کاش لە ٢٩ـی ئابدا بووە کە تێیدا چوار ملیۆن و ٥٥٠ هەزار دۆلار بەشێوەی کاش فرۆشراوە، زۆرترین فرۆشی کاشیش لە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە بووە و بڕەکەی زیاتر لە ١٢ ملیۆن دۆلار بووە.

باسی لەوەش کرد، لەو چوار رۆژەدا، بڕی یەک ملیار و ٧٩ ملیۆن و ٩٧٠ هەزار و ١٠٧ دۆلاری بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی فرۆشتووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە هەفتەی رابردوودا، بانکی ناوەندیی عێراق پێنج خستنەڕووی دۆلاری هەبوو و تێیدا بڕی یەک ملیار و ٣٧٦ ملیۆن و ٧١٠ هەزار و ١٧٤ دۆلاری بە نرخی فەرمی بانکەکە فرۆشت، لەو رێژەیەش فرۆشی کاش ٦٨ ملیۆن و ٦٥٠ هەزار دۆلار و فرۆشی حەواڵە یەک ملیار و ٣٠٨ ملیۆن و ٦٠ هەزار و ١٧٤ دۆلار بوو.













گەلەری