سەردێڕ:

بەغدا بڕیاری لەبارەی مووچەی مانگی حەوتەوە دا

PM:03:28:29/08/2024

88500 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، حکومەتی عێراق بڕیاری داوە مووچەی مانگی حەوت وەک قەرز بۆ هەرێم بنێرێت و دەبێت دواتر هەرێم بیداتەوە، هەرێمیش رازی بووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی شاندەکەی هەرێم و وەزارەتەکەی باسی لەوە کردووە حکومەتی عێراق دەتوانێت بڕیار لە ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگی حەوتی هەرێم بدات.

حکومەتی عێراقیش رەزامەندی لەسەر ئەوە داوە بە قەرز ٦٠٠ ملیاری دیکە بۆ مووچەی مانگی حەوت بۆ هەرێم بنێرێت بەو مەرجەی هەرێم پابەند بێت بە دانەوەی ئەو قەرزە و هەرێمیش بەڵێنی داوە قەرزەکە بداتەوە.

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا، بەغدا راپۆرتێکی داوەتە شاندەکەی هەرێم و تییدا داوای کردووە هەرێم بە هیچ جۆرێک نەبێتە رێگر لەبەردەم بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی و هەرێمیش رازی بووە.

هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، چەردەی یەکەمی پارەی مووچەی هێزە ئەمنیەکانیان کە ٢٧٠ ملیار دینارە رەوانەی هەرێم کرد.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، وەزارەتی دارایی عێراق لەبەرامبەر ئەوەی لە شەش مانگی رابردوودا هەرێم پارەی زیادەی وەرگرتووە ٩٢٠ ملیاری لە پارەی مووچەی مانگی حەوت بڕی و ٣٦ ملیاری بۆ مووچەی مانگی حەوت نارد و دواتر شاندێکی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە چووە بەغدا و هێشتا شاندەکە لە بەغدان.














گەلەری