سەردێڕ:

بەهۆی زریان و لافاوەوە؛ لە هیندستان ٢٨ کەس گیانیان لەدەستدا و ژاپۆنیش لە دۆخی لەناکاودایە

AM:09:24:29/08/2024

2528 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی ئەو شەپۆلە زریان و بارانەی چەند ناوچەیەکی باشوور و خۆرهەڵاتی ئاسیای گرتووەتەوە، لە ویلایەتی گوجەراتی هیندستان ٢٨ کەس گیانیان لەدەستداوە، لەلایەکی دیکەشەوە دۆخی لەناکاو لە دوورگەی کیوشوی ژاپۆن راگەیەنراوە.


بەهۆی شەپۆلێکی چڕی بارانبارین و رەشەبای بەهێزەوە لە هیندستان لافاو دروست بووە و بەرپرسانی وڵاتەکەش رایانگەیاندووە، لە ویلایەتی گوجەرات ١٣ کەس بەهۆی لافاو و ١٥ کەسی دیکە بەهۆی کەوتنی دار بەسەریاندا، گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژە بەوەشدەکەن، تاوەکو ئێستا تیمەکان هەزار و ٨٥٦ کەسیان رزگار کردووە.

فادورادا یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە زریان و لافاوەکەدا و بەهۆیەوە هێڵەکانی گەیاندنی کارەبا لە نزیکەی هەزار گوندی ناوچەکەدا پچڕاون.

شەپۆلەکە ژاپۆنیشی گرتووەتەوە و کەشناسی وڵاتەکە رایەگیاندووە، بەهۆی شەپۆلی باران و زریانەوە نزیکەی ٢٥٠ هەزار ماڵ بێکارەبا بوون و دۆخی لەناکاو راگەیەنراوە. داواش لە نزیکەی چوار ملیۆن هاوڵاتی نزیک ناوچەی مەترسییەکان دەکەن، ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

دەشڵێت، خێرایی با لەو ناوچانەدا گەیشتووەتە ٢٥٢ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و بەهۆیەوە چەندین خانوو رووخاون و چەندین زەویش داڕماون.
شەپۆلەکە بە یەکێک لە بەهێزترین شەپۆلەکان دادەنرێت کە ژاپۆنی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا کەسێک بێسەروشوێنە و ٤٧ برینداریش تۆمارکراون.

پێشبینیش دەکرێت، تاوەکو سبەینێ هەینی، شەپۆلەکە روو لە زیادبوون بکات و بە بەرزی زیاتر لە یەک مەتر باران ببارێت، بەوهۆیەوە سەرجەم ناوچەکان خراونەتە دۆخی ئامادەباشی خێراوە.













گەلەری