سەردێڕ:

روسیا و ئۆکرانیا بوونەتە گۆڕەپانی تاقیکردنەوەی چەکەکانیان دژ بە یەک

PM:09:16:28/08/2024

2048 جار خوێندراوەتەوە

ئاگری جەنگی روسیا و ئۆکرانیا تادێت کڵپەی دەچێت بە ئاسماندا، خاکی هەردوو وڵاتیش بووە بە شوێنی تاقیکردنەوەی چەکەکان و دوور نییە چەکی ئەتۆمیش ببێتە میوانێکی ناوەختەی ئەو جەنگە کاولکەرە.


لەنوێترین پێشهاتدا هەردوو وڵاتی ئۆکرانیا و ڕوسیا بە سەدان موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومانی خاکی یەکتریان کردووە، و سەرۆکی ئۆکرانیاش رایگەیاند، موشەکی بالستیان دروستکردووە و خاکی روسیا دەبێتە شوێنی بەکارهێنانی ئەو چەکە نوێیەیان، هاوکات روسیاش هەرەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات و دەڵێت بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم لە هەر ساتێکی تر نزیکترە.

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئەوەیشی راگەیاندووە، پلانی داهاتووی جەنگەکەیان داوە بە سەرۆکی ئەمریکا و هەردوو کاندیدەکەی سەرۆکایەتی ئەمریکا، وتیشی دواجار دەبێت ئەم جەنگەیان لەگەڵ روسیا بە ملکەچکردنی مۆسکۆ بۆ گفتوگۆ و دانوسان کۆتایی بێت. لەبەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا دەڵێت، نەرمی نواندنەکانی ئۆکرانیا و قسەکانی سەرۆکەکەیان پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکاوە هەیە.

هاوکات لە ماوەی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا کە نزیکەی ٩٢٠ ڕۆژە بەردەوامی هەیە، سوپای ڕوسیا چەندین ناوچەی لە خاکی ئۆکرانیا داگیرکرد و لە ئێستادا ٢٠٪ـی خاکی ئەو وڵاتەکەی لەژێر دەستە، کە ناوچەکانی ماریۆپۆڵ و میلیرۆڤۆ و زاراپۆژیا و ناوچەی مێلیتۆپۆڵ و دۆنتیسک دەگرێتەوە. کە لە ئێستادا شەڕ و رووبەروو بوونەوە لە ناوچەکانی مێلیتۆپۆڵ و دۆنتیسک بەردەوامە و ئۆکرانیا لە هەوڵی گرتنەوەی خاکەکەیەتی.

لەلایەکی ترەوە لە ٦ـی ئەم مانگەوە ئۆکرانیا هاوکێشەی جەنگی پێچەوانە کردەوە و دەستیکرد بە پێشرەوی بۆناو خاکی ڕوسیا، چەندین کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە خاکی ڕوسیا داگیرکردووە، کە تەواوی ناوچەی کۆرسک و بەشێکی ناوچەی بەلگۆردی روسیا دەکات کە دەکەونە باشوری ڕۆژئاوای روسیا.














گەلەری