سەردێڕ:

شاندی هەرێم لە بەغدان؛ چارەنووسی مووچەی مانگی حەوت و هەشت یەکلا دەبێتەوە؟

PM:12:31:28/08/2024

27640 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ شاندی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر لەگەڵ بەغدا کۆببنەوە و مووچەی مانگی حەوت و هەشتی مووچەخۆرانی هەرێم پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکە دەبێت. پەیامنێری ئێن ئاڕ تیش دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا مووچەی مانگی حەوت و هەشتی مووچەخۆرانی هەرێم یەکلا دەبێتەوە.


بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم داوای زیادکردنی بڕی ئەو ٣٦ ملیار دینارە دەکات کە عێراق بۆ مووچەی مانگی حەوت ناردویەتی و لە لقی بانکی ناوەندی لە هەولێر وەرگیراوە، چونکە بە وتەی حکومەتی کاربەڕێکەر ئەو پارەیە بەشی دابەشکردنی مووچە ناکات و ئامادەش نین لە داهاتی ناوخۆ مووچە دابەش بکەن.

لەبەرامبەردا، حکومەتی عێراق رەتی دەکاتەوە بڕی پارەکە زیاد بکات چونکە بەپێی بەدواداچوونەکانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق؛ هەرێم دەتوانێت بەو پارەیە و داهاتی ناوخۆ مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی دابەش بکات.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتوون، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئەو راپۆرتانەی لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ دیوانی چاودێری دارایی عێراق بەرز کراوەتەوە لەسەر زیادکردنی بڕی مووچەی داواکراوی هەرێم، پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت.

سەبارەت بە مووچەی هێزە ئەمنییەکانیش، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، وابڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەغدا مووچەی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەرێم بنێرێت کە بڕەکەی ٣٠٠ ملیار دینار دەبێت.

دوێنێ، بەغدا بەشێکی مووچەی مانگی حەوتی رەوانە کرد و ٥٥٠ ملیار دیناریشی بۆ مووچەى مانگى هەشتی هەرێم نارد، وەزارەتی دارایی عێراقیش رایگەیاند، "پێشتر بەشەکەی تری مووچەی مانگی حەوت دراوە بە هەرێم".

لەبارەیەوە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتی دارایی پێداچوونەوەی بە لیستی مووچەی سەرجەم ئەو مانگانەدا کردووە کە پارەی مووچەیان بۆ هەرێم رەوانە کردووە و لە کام مانگەدا کەمترین بڕی پارە پێویست بووە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، دوای ئەوەی ٣٠ هەزار ناوی زیادەیان لە لیستەکە دەرکردووە، لەسەر بنەمای ئەو لیستە، ٥٥٠ ملیار دیناری پارەی مووچەی مانگی هەشتیان ناردووە.

ئەوەشی خستە روو، ئەوەی ماوەتەوە مووچەی هێزە ئەمنییەکانە کە بڕەکەی زیاترە لە ٣٠٠ ملیار دینار و لە چەند رۆژی داهاتوودا رەوانەی هەرێمی دەکەن، بەوەش کۆی گشتیی پارەی پێویست بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە هێزە ئەمنییەکانیشەوە، زیاتر دەبێت لە ٨٥٠ ملیار دینار، لە کاتێکدا حکومەتی کاربەڕێکەر، بۆ مووچەی مانگی حەوت داوای زیاتر لە ترلیۆنێک دیناری لە بەغدا دەکرد.

بەوەش بەپێی روونکردنەوەکانی بەغدا، مانگەکانی رابردوو پارتی و یەکێتی هەموو مانگێک ١٠٠ ملیار دیناریان زیاد وەرگرتووە.

گۆران عەبدوڵا - بەغدا

 













گەلەری