سەردێڕ:

بەهۆی شەڕی ناوخۆی سودانەوە ١١ ملیۆن کەس ئاوارە بوون

AM:09:02:28/08/2024

884 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی ٥٠٠ رۆژە شەڕی ناوخۆی سودان لەنێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامی هەیە و بەپێی دوایین ئامارەکانیش تا مانگی شەشی ئەمساڵ زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و ١١ ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون.


هەر بەپێی ئامارەکان، لە ئەنجامی بەردەوامی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکە، لەکۆی ٤٥ ملیۆن کەس لە سودان، ٢٥ ملیۆن کەس رووبەڕووی قەرانی برسێتی بوونەتەوە کە دەکاتە ٥٤٪ـی کۆی دانیشتوانەکەی.

هاوکات، بەهۆی پێداگری سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی شەڕ شکستیان هێناوە و رێڕەوی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەڕووی دانیشتوانی سودان داخراوە.

پێشتریش، رێکخراوی کۆچی جیهانی کە بەشێکە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، سودان لە خاڵێکی داڕمانی کارەساتباردایە و سودانییەکان رووبەڕووی برسێتی و ئاوارەبوون و قەیرانی مرۆیی بوونەتەوە. وتیشی، ئەگەر ململانێکان و رێگرییەکان دژی گەیاندنی هاوکارییەکان بەردەوام بن، دۆخەکە خراپتر دەبێت.

لە ١٤ـی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣ـەوە جەنگ لەنێوان سوپای سودان و ‌هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەهۆی هەوڵەکان بۆ یەکخستنی هێزە ئەمنییەکان و دامەزراندنی هێزی پشتیوانی خێرا وەک بەشێك لە سوپا دەستی پێکردووە و بەهۆیەوە هەزاران خێزانی سودانی ئاوارە بوون و هەزاران سودانی گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون.

لەلایەکی دیکەوە جەنگی نەتەوەیش لە سودان سەری هەڵداوە، ئەو وڵاتە زیاتر لە ٤٥ ملیۆن کەسی تێدا دەژی کە دابەش بوون بەسەر ٥٦ نەتەوەی جیاواز و ٥٧٠ تیرەی جیاواز پێکدەهێنن، هەریەک لەو نەتەوە و تیرە جیاوازانەش پاڵپشتی لایەنێکی جیاواز دەکەن و بووتەنە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی نەتەوەیی.













گەلەری