سەردێڕ:

قەتەر بە گۆڕینی دەسەڵات لە وڵاتێکی هەژار و دواکەوتووەوە بوو بە وڵاتێکی پێشکەوتوو

PM:11:11:27/08/2024

2108 جار خوێندراوەتەوە

قەتەر، وڵاتە دەوڵەمەند و خۆشگوزەرانەکەى کەنداو، ئەو وڵاتەی گۆڕینی دەسەڵات لە وڵاتێکی دواکەوتوەوە کردی بە وڵاتێکى دەوڵەمەند و خۆشگوزەران، بەجۆرێک داهاتی ساڵانەی تاک گەیشتوەتە ٩٠ هەزار دۆلار و خەڵکەکەى لە خێر و خۆشیدا دەژین.


قەتەر یەکێکی دیکەیە لەو وڵاتانەی سیحری هەڵبژاردن و گۆڕانکاری دەسەڵات وڵاتەکەی لە خاکێکی هەژاری دواکەوتووەوە کرد بە یەکێک لە پێشکەوتووترین وڵاتانی سەدەی رابردوو و ئەم سەدەیەش.

تا ساڵانی ناوەڕاستی پەنجاکان، دواکەوتوویی و هەژاری بڕستی لە قەتەر بڕیبوو، بژێوی خەڵکەکەی و ئابووری وڵاتەکە لەسەر راوکردنی ماسی و مرواری بوو، وڵاتەکە یەکێک بوو لە دواکەوتووترین و هەژارترین وڵاتانی ئەو سەردەمە، ئەو دواکەوتوویی و هەژارییە بەردەوام بوو تا ئەوکاتەی نەوت لە خاکەکەی دۆزرایەوە و ساڵی ١٩٧٢ گۆڕانکاری بەسەر دەسەڵاتی وڵاتەکەدا هات.

خەلیفە بن حەمەد دەسەڵاتی قەتەری گرتە دەست، پاش وەرگرتنی دەسەڵات، خەلیفە بن حەمەد دەستی کرد بە چاکسازی و بوژانەوەی وڵاتەکەی، بە جۆرێک، یەکەم کاری کەمکردنەوەی خەرجی بنەماڵەی فەرمانڕەوا بوو، پاشان داهاتی نەوتی خستە خزمەتی خەڵکەکەی و دەستی کرد بە بوژانەوەی کەرتەکانی پەروەردە و نیشتەجێکردن و تەندروستی.

دواتر و لە ساڵی ١٩٩٥، ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە قەتەر رویدا و خەلیفە حەمەد ئالیسانی دەسەڵاتی وەرگرت و دەستی کرد بە پەرەپێدان بە کێڵگە نەوتییەکان و زیاتر خزمەتکردنی خەڵکەکەی، بە شێوەیەک، کەرتی تەندروستی خستە خزمەتی هاوڵاتییان و چارەسەرکردنی نەخۆشی لە تەواوی وڵاتدا کرد بە بێ بەرامبەر.

لە ئێستادا قەتەر بووە بە یەکێک لە پێشکەوتووترین وڵاتەکانی جیهان و داهاتی ساڵانەی تاک گەیشتووەتە نزیکەی ٩٠ هەزار دۆلار و هاوڵاتیانی لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا دەژین. هەموو ئەوەیشی روویدا بەهۆی گۆڕانکاری دەسەڵات و هەڵبژاردنی کەسانێکەوە بوو کە بۆ خزمەتی خەڵک کاریان دەکرد.

لە چیرۆکی سەرکەوتنی قەتەرەوە دەگەینە ئەوەی کە هەر وڵاتێک هاوشێوەی هەرێم بە دەست قەیرانەوە بناڵینێت، خاڵی یەکەم پیویستی بە گۆڕینی حکومڕانیەکەیەتی،٢٠ـی ئۆکتۆبەریش هاوڵاتییانی هەرێم لە بەردەم ئەو چانسە گەورەیەدان بۆ گۆڕانکاری لە دەسەڵات و داهاتووی هەرێم و لابردنی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی.













گەلەری