پرسی دۆلار، بڕیارە بۆ دووەم جار لەمساڵدا پارێزگارى بانکى ناوەندی و سەرۆک وەزیرانى عێراق بباتەوە ئەمریکا، بەغدا و واشنتنیش پێکەوە لەسەر چەند پرسێکى دارایی و بە تایبەتى هەڵگرتنى سزا لەسەر چەند بانکێک قسە بکەن.
بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی کێشەی ژمارەیەک بانکی عێراقی کە مامەڵەکردنیان بە دۆلارەوە لێ قەدەغە کراوە، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بەم نزیکانە روو لە ئەمریکا دەکات، کە هاوکات دەبێت لەگەڵ سەردانێکی تری سودانى بۆ ئەو وڵاتە تا لە بارەى بابەتە ئەمنى و ئابورى و دیبلۆماسییەکان گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی واشنتندا بکات.
لە سەردانەکەی
عەلی عەلاقدا بۆ شاری نیویۆرک، چەند کۆبوونەوەیەک
لەگەڵ بانکی فیدراڵیی ئەمریکا و وەزارەتی گەنجینەی ئەو وڵاتەدا دەکات و هەوڵ دەدات
بڕیاری قەدەغەکردنی مامەڵەکردن بە دۆلار لەسەر ژمارەیەک بانکی عێراق هەڵبوەشێنێتەوە،
کە بەوتەی ئەو، کاریگەریی خراپی لەسەر کەرتی دارایی و بانکی لە عێراق دروست کردووە
و ناجێگیری کردوون.
لە بەرامبەریشدا،
عەلی عەلاق ئاماژەی بەوە کردووە، هیچ رێوشوێنێک لە ئارادا نییە بۆ چاوخشاندنەوە بە
نرخی دۆلار و رۆژانە بانکەکەیان زیاتر لە ٢٥٠ ملیۆن دۆلار بە نرخی فەرمی دەفرۆشێت
و بە تەواوەتی رووماڵی داواکارییەکانی بازرگانی دەرەکیان کردووە و بە بەراوردیش بە
وڵاتانی تر، کۆنتڕۆڵی هەڵاوسانیان کردووە.
لەلایەکی ترەوە
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کە بۆ جاری دووەم لەمساڵدا مانگی
داهاتوو سەردانی ئەمریکا دەکاتەوە، بە نیازە پرسە ئەمنی و دیبلۆماسییەکان لەگەڵ ئیدارەی
جۆ بایدن تاوتوێ بکات.
ئامانجێکی دیکەی
سەردانەکەی سودانی، فراوانکردنی پەیوەندى ئابوری و دارایییەکانی نێوان بەغدا و
واشنتن دەبێت.
جگە لەو پرسانەش،
سودانی هەوڵ دەدات لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ جۆ بایدن، باس لە کۆتایی مانەوەی هێزی
هاوپەیمانان لە عێراق بکات و لەو چوارچێوەیەدا شاندێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق لەگەڵ
سودانی رەشنووسی سەربازی و کار و چالاکی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق رادەستی واشنتن
دەکەن بۆ ئەوەى رێککەوتنی لەسەر بکرێت.
بە وتەی نوسینگەی
سەرۆک وەزیرانی عێراق، سودانی پێداگریی لەسەر گۆڕینی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و
ئەمریکا دەکات لە سەربازییەوە بۆ ئابووری، بۆ ئەو مەبەستەش، چەندین ئاسانکاری نوێ لە عێراق
بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکرێت.
یەکەم سەردانی
محەمەد شیاع سودانی بۆ ئەمریکا لە ١٥ـی نیسانی رابردوو بوو، کە تیایدا چەند پرسێکی
گرنگ وەک پرسی دۆلار و چاکسازیی سیستمی بانکی عێراق تاوتوێ کران.