بەمەبەستی ئاگربەست و ڕێککەوتنی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەسەردانێکی فەرمی دەچێتە میسر و تونس و باس لەوە دەکەن چۆن عێراق بکرێتە جێگرەوەی دەریای سور.
ئەمڕۆ سیشەممە، بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی محەمەد شیاع سودانی بە مەبەستی ئاگربەست و ڕێککەوتنی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەسەردانێکی فەرمی دەچێتە میسر و دواتریش بۆ تونس.
بابەتی سەرەکی گفتوگۆکانیش لاوازبونی جوڵەی بازرگانی جیهانی بەراورد
بە ساڵی رابردوو دەبێت و چۆن بتوانرێت و عێراق و بەندەری فاو بکرێتە جێگرەوەیەک بۆ
دەریای سور.
پێشتریش، وەزارەتی گواستنەوەی میسر رایگەیاند،
بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور لە ئێستادا وڵاتانی جیهان پشت بە
هێڵی بازرگانی وڵاتانی عەرەبی دەبەستن کە بە خاکی عێراقدا تێپەڕ دەبێت و درێژدەبێتەوە
بۆ وڵاتی میسر.
باس لەوەش کراوە، لە قۆناغی سەرەتادا ئاستی گواستنەوەی بازرگانی پشت
بە هێڵی وشکانی و گواستنەوەی بارهەڵگرەکان دەبەستێت کە بەندەری فاو دەستپێدەکات و
درێژدەبێتەوە بە خاکی ئەردەن و میسڕ ئەوەش جوڵەی بازرگانی ناوچەکە فراوانتر دەکات.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە قۆناغی دووەمدا پشت بە هێڵی ئاسنینی عێراق
دەبەسترێت بۆ خێراکردنی گواستنەوەی بازرگانی ناوچەکە. دەشڵێت، "ئاڵۆزیەکانی
دەریای سور هێڵی بازرگانی نێوان عێراق و ئوردن و میسری چالاککرد کە ئەوەش دەبێتە
هۆی زیادبوونی هەلی کار و بوژانەوەی ژێرخانی داهاتی گومرگەکان".
لەبەرامبەریشدا محەمەد عەلی بەرپرسی پێشووی بەشی گواستنەوە و
لۆجستیکی بازرگانی میسر رایگەیاند، ئەو هێڵە بازرگانییە دەکرێت جوڵەی بازرگانی
چارەسەر بکات تا ماوەیەک بەڵام ناکرێتە شوێنگرەوەی کەناڵی سوێز لە ناوچەکەدا بۆ
بازرگانانی جیهان.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە سەرەتای کانوونی دووەمی ساڵی رابردووەوە
بەهۆی هێرشی گروپەچەکدارەکانی یەمەنەوە ئاستەنگی جوڵەی بازرگانی لە دەریای سوردا
دروستبووە کە بەهۆیەوە ٣٣٪ دەستراگەیشتنی جیهان بە کەرەستەکە بازرگانییەکان
هێواشتر بووەتەوە.