PM:08:31:26/08/2024
1524 جار خوێندراوەتەوە
کۆمپانیایEE، یەکێک لە دیارترین کۆمپانیاکانی پەیوەندی لە بەریتانیا، لە رێنماییەکدا کە رۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە، پێشنیاری کردووە کە دایک و باوکان نابێت مۆبایلی زیرەک بۆ منداڵانی خوار تەمەنی ١١ ساڵ بکڕن، بە ئامانجی "پاراستنی منداڵان لە جیهانی دیجیتاڵیدا".
نزیکەی چارەکێک لە منداڵانی تەمەن پێنج بۆ حەوت ساڵان لە بەریتانیا مۆبایلێکی زیرەکیان هەیە، بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن کۆمپانیای ئۆفکۆم، دەزگای رێکخستنی میدیا لە بەریتانیا ئەنجامدراوە، کە ئەنجامەکانی لە مانگی نیساندا بڵاوکراونەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی EE کە لقێکی گروپی پەیوەندییەکانی بەریتانیای BT یە، نابێت منداڵانی خوار تەمەنی ١١ ساڵ مۆبایلیان هەبێت کە رێگەیان پێبدات بتوانن بچنە ناو ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکو پێویستە توانای ئامێرەکانیان سنووردار بێت کە رێگای دەستراگەیشتن بە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان پێ نەدات و داواشی کرد منداڵانی خوار تەمەنی ١٣ ساڵ دەستڕاگەیشتنیان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان سنووردار بێت.
بەڵام سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ستارمەر کە خۆی باوکی دوو هەرزەکارە، لە مانگی تەمموزدا پەنابردنی بۆ رێکارێکی لەو شێوەیەی رەتکردەوە و وتی: "پێموانییە بیرۆکەیەکی باش بێت"، لەبری ئەوە پێشنیاری "چاودێری کردن و دانانی سانسۆری ئەلیکترۆنی باشتر"ی کرد.