سەردێڕ:

گەڕى دووەمى دانوستانەکان بۆ ئاگربەستی غەززە لە میسر بەڕێوە دەچێت

PM:09:54:24/08/2024

1280 جار خوێندراوەتەوە

دواى قەتەر، دانوستانى نوێ بۆ ئاگربەست لەبارەى غەززەوە لە میسر بەڕێوەدەچێت، ئیسرائیل و حەماس نەرمیان نواندووە و ئەمریکاش پشتیوانى رێککەوتن و خامۆشکردنى ئاگرى جەنگەکە دەکات. هەرچەندە ئیسرائیل جارێکى دیکە باشوورى لوبنان و چەند ناوچەیەکى سووریاى بۆردوومان کردەوە.


بەر لە چڕبوونەوەی زیاتری هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لە ئەمریکا، ئیدارەی بایدن دەیەوێت کۆتایی بە دۆسیەی غەززە بهێنرێت و بیکاتە دەستکەوتێکیش بۆ حزبى دیموکرات لە هەڵبژاردنەکاندا بەرامبەر بە کۆمارییەکان.

شاری قاهیرە ئەو شوێنەیە کە گەڕی نوێی دانوستانەکان بە نێوەندگیریی ئەمریکا و میسر و قەتەر تیایدا بەڕێوە دەچن، دواى ئەوەى لە گەڕى یەکەمدا لە تەقەر ئەنجامێکى ئەوتۆ بەدەست نەهات، واشنتۆنیش جەخت دەکاتەوە دەبێت ئاگربەست و رێککەوتن بکرێت.

هاوکات، چاودێران پێشبینیان کردووە دانوستانەکانی قاهیرە یەکلاکەرەوە بێت، بە تایبەتی کە ئەمجارە حەماس شاندێکی رەوانە کردووە و ئامادەى بۆ دانوستان دەربڕیوە.

لەو چوارچێوەیەدا، ولیام بێتنز بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکاCIA رایگەیاند، رەنگە بەم نزیکانە ئاگربەستی غەززە رووناکی ببینێت و دووکەڵ ئاسمانی ناوچەکە جێبهێڵێت، ئەگەر ئیسرائیل نەرمی بنوێنێت و حەماسیش بەشداری تیادا بکات.

لای خۆشیەوە، تەلئەبیب کە بەڕێوەبەری دەزگاکانی (مۆساد و شاباک) ـی رەوانەی قاهیرە کردووە، دەیەوێت بە رێککەوتنێک بگەڕێنەوە ئازادکردنی بارمتەکانیان زامن بکات.

بە وتەی بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلیش، وڵاتەکەیان سازش دەکات بەرامبەر ئازادکردنى بارمتەکانى، ئامادەیشە مانەوەی هێزەکانی لە رێڕەوی فیلادلفیا کە لەگەڵ خاکی میسر هاوسنوورە و پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ پێداگری لەسەر مانەوەی دەکرد، چۆڵ بکات.

بنیامین ناتانیاهۆ جەختی دەکردەوە لەوەی، ئەگەر هەردوو رێڕەوی فیلادلفیا و نتساریم لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانیاندا بن، جارێکی دیکە حەماس ناتوانێت بۆ خۆ پڕچەککردنەوەیان بەکاری بهێنن. بەڵام ئێستا دەڵێت سوپاکەیانى لێ دەکشێننەوە.

هەرچۆنێک بێت پێشنیازەکانی ئاگربەست لە غەززە زۆربوون و هەوڵەکانی نێوەندگیری ئەمجارەی ئەمریکا و میسر و قەتەر بە ئاڕاستەی کۆتاییهێنانی یەکجارییە بە نەهامەتی فەڵەستینیەکان و ئازادکردنی بارمتەکانە، کە سەرەتا دەبێت بە ئاگربەست و بێدەنگکردنی چەکەکان دەست پێبکات و دواى نزیکەى ١١ مانگ ئاوێک بە ئاگرى جەنگەکەدا بکرێت.














گەلەری